پزیشکێکى نەخۆشییەکانى
هەناویی و شەکرە و دڵ باس لە سودەکانى خوارنى خورما دەکات و دەڵێت: جگە لەوەى
لەڕوى ئاینییەوە لەبەر سوننەت گرنگیی پێدەدرێت، سودێکى زۆرى تەندروستیشى هەیە؛ بۆ
ئەو کەسانەش شەکرەیان هەیە داوا دەکات زیادەڕەویی نەکەن لە خواردنى.
تەندروستى:KNNC
د. داهات حەوزێرى، پزیشکى
نەخۆشییەکانى هەناویی و شەکرە و دڵ، لەبارەى سودەکانى خورما بۆسەر تەندروستى مرۆڤ
چەند خاڵێکى دیاریکردوە و شیکردوەتەوە کە سودێکى زۆر بە تەندروستى دەگەیەنێت وەک:
1-پێکهاتە خۆراکییه دەوڵەمەندەکان: یەک خورما نزیکەی 30 کالۆری وزەی تێدایه، زۆربەی
پێکهاتەی خورما لە کاربۆهیدرات پێکدێت، بەشەکەی تری بریتیە لە پڕۆتین و کانزاکان و
ڤیتامینەکان. بۆیە زۆرجار بە خواردنی چەند دەنکێک خورما هەست بە تێری دەکەیت.
2-ریشاڵەکان:
خورما بڕێکی باش لە ریشاڵی تێدایە ئەمەش یارمەتی فرمانی کۆئەندامی هەرس دەدات و کێشەی
ئازاری گەدە و غازاتی ریخۆڵە و قەبزی ناهێڵێت.
3-دژە ئۆکسانەکان: خورما بڕێکی باش لە دژە ئۆکسانەکانی تێدایە وەکو Flavonids و Carotenoids و Phenolic acid، ئەم دژە ئۆکسانانە یارمەتی
تازەکردنەوەی خانەکان دەدەن و هەوکردن کەم دەکەنەوە و بینین بەهێز دەکەن و رێگە لە
شێرپەنجەکان و نەخۆشییەکانی دڵ دەگرن.
4-مێشک بەهێز دەکات: بەهۆی بونی دژە هەوکردنەکانی
وەکو IL-6 خورما رێگە لە مردنی خانەکانی مێشک دەگرێت و مەترسیی لەبیرچونەوە و ئەلزەهایمەر
کەم دەکاتەوە.
5-تەندروستی سکپڕی: ئافرەتانی سکپڕ زۆر سود لە
خورما دەبینن بەتایبەتی ئەگەر لە کاتەکانی کۆتایی سکپڕی بیخۆن، بەهۆی بونی ماددەیەک
هاوشێوەی هۆڕمۆنی Oxytocin یارمەتی ئاسان مناڵبون ئەدات.
5-پتەوکردنی ئێسک: بەهۆی بونی بڕێکی زۆر
لە کالسیۆم و پۆتاسیۆم و فۆسفۆر و مەگنیسۆم، خورما یارمەتی پتەوکردنی ئێسک دەدات و
رێگە لە ئێسکە نەرمە و کلۆربونی ددان دەگرێت.
6-شیرینی سروشتی: خورما شەکری تاکی فرەکتۆزی تێدایە
کە شیرینیەکی سروشتی زۆر باشە، دەتوانرێ لە جیاتی شەکری سپی بخورێت، لەجیاتی ئەوەی
شەکر بکرێتە چا-وە دەتوانرێت بە خورماوە بخورێت، لەکاتی دابەزینی شەکری خوێن باشترین
خواردن خورمایه، چونکە شەکرەکەی ناوی شەکری تاکە و ئاسان هەرس دەکرێ و زو شەکری خوێن
ئاسایی دەکاتەوە و زو دەگاتە خانەکانی مێشک، هەربۆیە سونەت وایە بە خورما رۆژو بشکێنرێت.
ئەو پزیشکە سەرباریی ئەم سودە زۆرانەى خورما، بەڵام نەخۆشانى شەکرە
ئاگادار دەکاتەوە کە زیادەڕەوی لە خواردنیدا نەکەن، چونکە بەخێرایی شەکرە بەرز
دەکاتەوە.
588 جار خوێندراوەتەوە