ئەمڕۆ تەواوى دەستە و وەزارەتەکان موچەکانیان وەردەگرن

KNN : Kurdish News Network
09:17 - 18/03/2025
ئابوری
+
-

ئەمڕۆ بە دابەشکردنى موچەى 13 دەستە و وەزارەت پرۆسەى دابەشکردنى موچەى مانگى شوبات دواى شەش رۆژ کۆتایی دێت، چاوەڕێش دەکرێت ئەمڕۆ شاندێکى تەکنیکى وەزارەتى دارایی هەرێم بچێتە بەغداد.

 

ئابورى:KNNC

 

بەپێی خشتەکەى وەزارەتى دارایی هەرێم ئەمرۆ سێشەممە، موچەى (کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی، رۆشنبیرى و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروبارى ئایینى، خوێندنى باڵا و توێژنەوەى زانسى، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنى وەزیران، سەرۆکایەتیی هەرێم، پێشمەرگە (دیوان، لیواکان)، یەکەکانى 70 و 80، پۆلیسى دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجومەنى ئاسایش و دەزگاى ئاسایش، هێزى زێرەڤانى و فەرماندەى بەرگرى و فریاکەوتن) دابەش دەکرێت.

 

لەبارەى دابەشکردنى موچەى مانگى سێوە، لەگەڵ ئەوەى پێشتر وەزارەتەکان راسپێردران بە ئامادەکردنى لیستى موچە و وتەبێژى حکومەت رایگەیاند؛ پێش هاتنى جەژن دابەش دەکرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانى کەى ئێن ئێن، تا ئێستا لیستەکە وردبینى کۆتایی بۆ ئەنجام نەدراوە.

 

هەر بەپێی زانیارییەکانى کەى ئێن ئێن، بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکى تەکنیکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان تایبەت بە پرسى موچەى مانگى سێ بچێتە بەغداد و لیستەکەیان رادەست بکات.

 

هەر دوێنێ، وەزارەتى دارایی هەرێم رادەستکردنى زیاتر لە 48 ملیار و 722 ملیۆن دینارى وەک داهاتى نانەوتى بۆ مانگى شوبات بە بەغداد راگەیاند.

1509 جار خوێندراوەتەوە