شەش ئەندامی خێزانێک لە
گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق بە گولـلە لەلایەن کوڕەکەیانەوە کوژران،
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە تاوانەکە بەهۆى کێشەیەکى
خێزانییەوە رویدابێت، پۆلیسى سلێمانیش لێکۆڵینەوەکانى لەوبارەیەوە دەستپێکردوە.
هەواڵ:KNNC
درەنگانی شەوی ڕابردو
نزیک کاتژمێر 12:00 لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق لە ڕوداوێکی تەقەکردندا
پێنج ئەندامی یەک خێزان کوژران کە پێهاتون لە برایەک و دوو خوشک و دایک و باوکیان، بکوژەکەش کە کوڕى خۆیانە
و لە وڵاتى بەریتانیاوە بە سەردان گەڕاوەتەوە و دواى قەتڵوعامکردنى خێزانەکەى
خۆیشى کوشتوە.
بە وتەی شایەتحاڵانی روداوەکە
بکوژەکە کوڕێکی تەمەن 22 ساڵە بەناوى (بەشیر سالار) ماوەی چەند رۆژێكە لە وڵاتی بەریتانیا
گەڕاوەتەوە بۆ سەردان و نەخۆشیی باوکى کە چەند رۆژێکە نەشتەرگەریی ئەنجامداوە،
بەڵام دوای دروستبونی دەمەقاڵێ لەگەڵ خێزانەکەی هەستاوە بە ئەنجامدانی تاوانەکە و
پێنج ئەندامی خێزانەکەی خۆی کوشتوە و دواتریش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
دوای رەوانەکردنی تەرمەکانیان
بۆ پزیشکی دادی سلێمانی و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی هەر
شەش کوژراوەکە لە گوندی گرێزە لە تەنیشتی یەکەوە بەخاک سپێردران، وتەبێژی
پۆلیسی سلێمانیش رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە روداوەکە بەردەوامە و بەپێی
زانیارییە سەرەتاییەکان روداوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بوە و بکوژ کێشەی دەرونی
هەبوە.
ئێستا لە خێزانێکى نۆ
کەسیی، تەنها سێ ئەندامى خێزانەکە لە ژیاندا ماون کە پێکدێن لە دوو کوڕ و کچێک، ناوى کوژراوەکانیش (سالار محەممەد 50 ساڵ، نیهایەت قادر 40 ساڵ، یارا سالار8 ساڵ، سەهەند
سالار14ساڵ، سیما سالار 20ساڵ)ـن.
624 جار خوێندراوەتەوە