دوای جێبەجێ كردنی قۆناغی یەكەمی ئاگربەستی
غەززە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل و دەستپێكردنەوەی جەنگ، میسر بەپێشنیازێكی نوێوە
داوای جێبەجێ كردنی قۆناغی دوەم دەكات.
هەواڵ: (KNNC)
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردوەتەوە، بەمەبەستی
گەڕانەوەیان بۆسەر مێزی گفتوگۆ و جێبەجێ كردنی قۆناغی دوەمی رێككەوتنی نێوان
بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، قاهیرە پێشنارزێكی نوێی پێشكەش بەهەردو لایەنی
بەشەڕهاتو كردوە و داواشی كردوە كەئەمەریكا گەرەنتی جێبەجێ كردنی بكات.
رونیكردوەتوە، میسر پێشنیازی دانانی
خشتەی کاتی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان کردوە، لەبەرامبەردا خشتەیەکی کاتی
دیكەی بۆ کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە بەگەرەنتی ئەمەریکا پێشكەشكردوە.
ئاژانسەكە بەشێك لە میكانیزمی پێشنیازەكەی
ئاشكرا كردوە كە تیایدا هاتوە: بزوتنەوەی حەماس هەفتانە پێنج بارمتە ئازاد بکات، بەڵام بە ئەو مەرجەی
ئیسرائیل لە دوای هەفتەی یەکەم دەستبەجێبەجێکردنی قۆناغی دوەمی ئاگربەستەکەی
نێوانیان بکات.
لای خۆشیەوە ئەمڕۆ دوشەممە بەرپرسێكی باڵای
میسر بەئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاندوە: حەماس پێنج بەندکراوی زیندو ئازاد دەکات،
كە هاوڵاتییەکی ئەمریکی-ئیسڕائیلی تێدایە، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بۆ ماوەی یەك
هەفتە رێگە بەیارمەتییە مرۆییەکان بدات بۆ كەرتی غەززە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاماژەی بۆ
ئەوەكردوە، لەسەر پێشنیازەكەی قاهیرە بەرپرسێکی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی
جەختیكردوەتەوە كە بزوتنەوەکە وەڵامی "ئەرێنی"ـی داوەتەوە، بەڵام
وردەكاری نەخستوەتەڕو.
472 جار خوێندراوەتەوە