زیلینسکی: ڕوسیا ئاشتی ناوێت، نیازی ئەوەی هەیە خاکی زیاتری وڵاتەکەمان داگیر بکات

KNN : Kurdish News Network
05:34 - 27/03/2025
جیهان
+
-

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆتایی کۆبونەوەی لوتکەی پاریس کە نزیکەی 30 وڵاتی هاوپەیمانی کیێڤی لەخۆگرتبو، ڕایگەیاند ئەوان دەزانن کە ڕوسیا ئاشتی ناوێت و پوتین نیازی باش نییە.

هەواڵ:KNNC

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی  لە دوای کۆبونەوەی لوتکەی پاریس کە بە بەشداری 27 وڵاتی ئەورپی ئەنجامدرا رایگەیاند؛ ڕوسیا نیازی باش نییە و  دەیەوێت کات ببقۆزێتەوە بۆ ئەوەی خاکی زیاتری ئۆکرانیا داگیر بکات و  بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

 

کۆبونەوەی لوتکەی پاریس کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند لە کۆشکی ئیلیسی، تێیدا دۆخی ئۆکرانیا و کاڵبونەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورپی لە پرسە سەرەکییەکان بون، یەکێکی دیکە لە پرسەکان  ئەگەری جێگیرکردنی هێزەی هاوبەشی وڵاتانی ئەورپا وب لە ئۆکرانیادا، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاشتیی داهاتو لەگەڵ ڕوسیا، ئەگەر روبدات.


لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە وتارەکەیدا لە لوتکەکەدا وتی، "ئێمە لێکۆڵینەوە لە پێشنیارەکان دەکەین سەبارەت بە چۆنیەتی چاودێریکردنی ئاگربەستی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا"، ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە دەمانەوێت ئۆکرانیا بخەینە باشترین پێگەی لە کاتی دانوستانەکاندا، ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆبونەوەی پاریس بەردەوامی پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆکرانیا دوپاتکردەوە.



لە بارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر روسیاشەوە سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەکردوە، هەموان کۆکبوین هیشتا کاتی ئەوە نەهاتوە و  هەڵگرتنی سزاکان سەر لە ئێستادا کارەساتێک دەبێت بۆ دیپلۆماسی.



هەر لە دوای کۆبونەوەکە ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش ڕایگەیاند، هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕوسیا لەم کاتەدا "هەڵەیەکی گەورە" دەبێت و بە هیچ شێوەیەک هیچ سودێکی نابێت تاوەکو  ئاشتی بەڕاستی بەدی نەهێنرێت.

بەریتانیاش هەمان بۆچونی ئەوانی دیکەی هەبوە و کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پشتگیری لە هەڵنەگرتنی سزاکانی سەر مۆسکۆ کرد و  جەختی کردوەتەوە لە ئێستادا کاتی  هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕوسیا نییە.

ئەمە لەکاتێکدایە  ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپاش ئەمڕۆ لە میانی کردنەوەی لوتکەکەدا ڕایگەیاند، دەبێت فشارەکان  لانەبرێن و بمێننەوە کە بەسەر مۆسکۆدا سەپێنراوە لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ەوە.

153 جار خوێندراوەتەوە