جارێکی تر حوسییەکان بە موشەکی دور مەودا ئیسرائیلیان کردە ئامانج

KNN : Kurdish News Network
11:09 - 24/03/2025
جیهان
+
-

ئەمشەو سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ڕێگریان کردوە لە موشەکێکی دور مەودا   کە لە یەمەنەوە ئاراستەی وڵاتەکەیان کراوە و نەیان هێشتوە ئامانجەکەی بپێکێت،  ئەمە جاری پێنجەمە حوسییەکان هێرش دەکەن سەر ئیسرائیل و بەهۆی موشەکەشەوە لە چەند ناوچەیەک زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە.

هەواڵ:KNNC


سوپای ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی دوشەممە ڕایگەیاند، "رێگرییان لە موشەکێک کردوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابو، بەهۆی موشەکەشەوە  ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە تەلئەبیب و چەند ناوچەیەکی ناوەڕاستی ئیسرائیل لێدراوە".

سوپا ڕایگەیاندوە، موشەکەکە "پێش ئەوەی بچێتە ناو ئاسمانی ئیسرائیل"، ڕێگری لێکراوە  و تەقێندراوەتەوە، لای خۆیەوە ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندوە، لە قودسەوە دەنگی تەقینەوەیەکی بێهێز بیسراوە.

 

بەم هێرشەی ئەمشەویان،  ئەمە پێنجەم جارە لەماوەی کەمتر لە 100 کاتژمێردا حوسییەکان  ئیسرائیل دەکەنە ئامانج.


ئەمە لەکاتێكدایە پێشتر  حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند،  فڕۆکەخانەی بن گوریونی ئیسرائیلیان بە موشەکی بالیستیکی لە جۆری هایپەرسۆنیکی “فەلەستین 2” کردوەتە ئامانج،  ئەوە چوارم هێرشی ئەو گروپەیە بۆ سەر ئیسرائیل لە 72 کاتژمێری ڕابردودا.


ڕۆژی یەکشەممە یەحیا ساری، وتەبێژی هێزە سەربازییەکانی گروپەکە ڕایگەیاند بو، فڕۆکەخانەی بن گوریۆنیان کردوەتە ئامانج، جەختی کردوەتەوە هێرشەکەیان سەرکەوتو بوە  و بۆ ماوەی زیاتر لە نیو کاتژمێر هاتوچۆی ئاسمان لە فرۆکەخانەکەدا راگیراوە.

ناوبراوە دوپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن  لە هێرشەکانیان بۆ سەری ئیسرائیل و  بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە پێناو  پشتیوانیکردنی گەلی ستەملێکراوی فەلەستین، جەختیشیکردوەتەوە  ڕێگری لە کەشتیوانی ئیسرائیل دەکەن تا ئەوکاتەی دەستدرێژییەکانی دەوەستێنێت و گەمارۆی سەر غەززە هەڵدەگیرێت.

648 جار خوێندراوەتەوە