هەردو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لەگەڵ دیمەشق رێككەوتن

KNN : Kurdish News Network
04:50 - 01/04/2025
کوردستان
+
-

بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری ئاشتیانەی نێوان دانیشتوانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە پارێزگای حەلەب و دەستەبەرکردنی پێکەوەژیان و پتەوکردنی ئاشتی و بەئامانجی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، رێككەوتنێكی (14) خاڵی لەنێوان ئەنجومەنی مەدەنی هەردو گەڕەكەكە لەگەڵ لیژنەكەی دەسەڵاتی نوێی سوریا ئەنجامدرا.


هەواڵ: (KNNC)


ئاژنسی هەواڵی هاوار بڵاویكردەوە؛ لەسەر بنەمای بەرەوپێشبردنی پێکەوەژیان و پاراستنی ئاشتی مەدەنی و گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشی سوریا کە کۆدەنگی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی سوریا باشترین ڕێگایە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا رێككەوتنەكە لەنێوان دانیشتوانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، كە زۆرینەیان كوردن، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق ئەنجام دراوە.


ئەوەشیخستوەتەڕو، رێككەوتنەكەی نێوان هەردو گەڕەكە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی دیمەشقە و لە (14) خاڵ پێكهاتوە كە گرنگترینیان پێكهاتوە لە:


بەپێی رێككەوتنەكە؛ هەردو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کە زۆرینەی کورد نیشتەجێن، لە ڕوی کارگێڕییەوە سەر بە شاری حەلەبن، بەگەڕەکی شاری حەلەب دادەنرێن، بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە کاتییە جێبەجێ دەکرێن تا ئەوکاتەی لیژنە ناوەندییە هاوبەشەکان لەسەر چارەسەری هەمیشەیی ڕێکدەکەون.


ئەوەشخراوەتەڕو، وەزارەتی ناوخۆ بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارە لە پاراستنی دانیشتوانی ئەو دو گەڕەکە و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دەستدرێژی و هەراسانکردنێک بەرامبەریان، هەروەها بۆ پاراستنی ئارامی و سەلامەتی خەڵکی سڤیل، خۆپیشاندانی لەو دو گەڕەکە قەدەغەیە و هەڵگرتنی چەک سنوردارە و تایبەتە بەهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردو گەڕەکەکەدا.


رونكراوەتەوە كە؛ تا ئەوکاتەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەردو گەڕەکەکە دەگەڕێتەوە، تەنها بەربەستە زەمینییەکان لەسەر ڕێگا گشتیەکان لادەبرێن، بەڵام بەربەستە سەرەکییەکان دەمێننەوە و لەلایەن دو ناوەندی ئاسایشی ناوخۆوە كارەكانیان رێكدەخرێن، ئەو هێزە سەربازییەکان لەو گەڕەكانە جێگیركراون، دەكشێنەوە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات.


راشیگەیاندوە: بۆ ئاسانکاری هاتوچۆ لە نێوان شاری حەلەب و ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لیژنەیەکی هەماهەنگی پێکدەهێنرێت لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئازادی هاتوچۆ بۆ دانیشتوانی هەردو گەڕەكەكە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنە لە هەردو گەڕەکەکە پێکدەهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.


لەرێككەوتنەكەدا هاتوە؛ پاککردنەوەی زیندانەکان لەلایەن هەردو لایەنەوە لە پارێزگای حەلەب، ئاڵوگۆڕکردنی هەمو ئەو زیندانیانەی دوای ڕزگاربون بە دیل گیراونەتەوە، لەگەڵ دادگایی کردنی هەر کەسێک کە پێش ڕێککەوتنەکە داواکراو بوبێت.


بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەدانیشتوانی هەردو گەڕەك بەبێ جیاوازی لەگەڵ گەڕەكەكانی دیكەی حەلەب، رێككەوتنی نێوان گەڕەكە كوردسیەكان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق رونیكردوەتەوە؛  دامەزراوەكان گەڕەكەكان لەگەڵ دامەزراوەكانی دیکە کاردەکەن لەگەڵ پاراستنی دامەزراوە خزمەتگوزاری و کارگێڕی و پەروەردەیی و شارەوانییەکان و ئەنجومەنە ناوخۆییەکانی ئێستا لە هەردو گەڕەکەکەدا تا ئەو کاتەی لیژنە ناوەندییە هاوبەشەکان لەسەر چارەسەرێکی هەمیشەیی رێکدەکەون.


هەروەك ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە؛ گەڕەکەکان مافی نوێنەرایەتی تەواو و دادپەروەرانەیان پێدەدرێت لە ئەنجومەنی پارێزگای حەلەب و هەروەها لە ژورەکانی بازرگانی و پیشەسازی و سەرجەم بوارەکانی تر بەپێی یاساکانی حوکمڕانی.

594 جار خوێندراوەتەوە