وەزارەتی
گەنجینەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت: سزای ئەو كەس و وڵاتانە دەدەین هاوكاری بەرنامە ئەتۆمییەکەی
ئێران دەكەن.
هەواڵ:
(KNNC)
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی گەنجینەی
ئەمەریکا بڵاویكردەوە؛ سزای بەسەر كەسێك و پێنج دامەزراوەدا سەپاندوە كە هاوكار و
سەرپەرشتیاری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەكەن، هەریەك لە رێكخراوی وزەی ئەتۆمی
ئێران (AEOI) و کۆمپانیای تەکنۆلۆژیای سەنتەرفۆجی
ئێران (TESA)ـی لە لیستی سزادراوەكاندان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بەرهەمهێنانی
چەكی ئەتۆمی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ئەمەریكا جێگەی مەترسییە.
لە بەیاننامەکەدا جەخت كراوەتەوە، ئەمەریکا
بەردەوام دەبێت لە لێپرسینەوە و سزادانی ئەو كەس و دامەزراوانەی كە پشتیوانی لە بەرنامە
ئەتۆمییەکەی ئێران دەكەن بە چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم کە هەستیارن بە بڵاوبونەوە.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی گەنجینەكانی
ئەمەریكا لە دوای لێدوانەكەی ترامپ دێت کە رایگەیاندبو، رۆژی شەممە لە عومان
دانوستانی راستەوخۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەنێوان واشنتۆن و تاراندا ئەنجام
دەدرێت، بەڵام دواتر وەزیری دەرەوەی ئێران رەتی كردەوە و وتی؛ گفتوگۆکانی عومان بەشێوەی
ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچن.
152 جار خوێندراوەتەوە