لە دوای تەواوبونی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە كاتی كۆكردنەوەی پارەی كارەبای موەلیدە ئەهلیەكان، فێڵێكی حكومەت ئاشكرا دەبێت. مۆلیدە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە مانگی ئابدا بە بەهای نزیكەی 20 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبایان بە هاوڵاتیان داوە، بەڵام تەنها 13بۆ14هەزاردینار لەهاوڵاتیان وەرگیراوە باقی پارەكە خراوەتە سەر مانگی ئەیلول، كە كەمترین كارەبای تێدا دراوە.
سكانداڵێكی بەرپرسانی یەكێتی لە سلێمانی ئاشكرا دەبێت، كاتێك پێش هەڵبژاردن داوایان لە مۆلیدە ئەهلیەكان كردوە تەواوی پارەی مۆلیدەی مانگەكە لە هاوڵاتیان وەرنەگرن بیخەنە دوای هەڵبژاردن، ئەوەش بۆ ئەوە بوە هاوڵاتیان نیگەران نەبن و دەنگیان پێ بدەن.
هەر بۆیە پارەی مانگی ئاب تەنها 15 هەزار دینار وەرگیراوە، لە كاتێكدا دەبوایە 20 هەزار دینار وەربگیرێت، ئێستا كە هەڵبژاردن تەواو بووە، مۆلیدە ئەهلیەكان ئەو پێنج هەزارە دەخەنە سەر پارەی مانگی ئەیلول و لە هاوڵاتیانی وەردەگرن.
لە بەدواداچونێكدا بەشێكی خاوەن موەلیدە ئەهلیەكان تەواوی ئەو زانیارییانەیان بۆ KNN پشتڕاستكردەوە، كە حكومەت داوای لێكردون، كە كرێی تەنها 25 رۆژ لە هاوڵاتیان وەربگرن كرێی شەش رۆژەكەی تر بخرێتە سەر مانگی ئەیلول.
كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلیەكان دەڵێت: پێدەچێت بە هۆكاری بانگەشە ئەو كارە كرابێت ،بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانیش رەتی دەكاتەوە دەڵێت: ئێمە فەرمانگەیەكی خزمەتگوزارین و پەیوەندیمان بە سیاسەتەوە نیە.
لەم مانگەدا بە نزیكەیی 14 هەزار دینار پارەی مۆلیدە لە هاوڵاتیان وەرگیرا، ئەوەش چاوبەستیەكی تەواوە كاتێك لەو پارەیە 5 هەزار دیناری پارەی مانگی پێشوو بوە، بەڵام ئەمە بە هاوڵاتیان نەوتراوە.
18138 جار خوێندراوەتەوە