كاره‌بای سلێمانی دواین ده‌رفه‌ت به‌سه‌رپێچیكاران ده‌دات

KNN : Kurdish News Network
12:12 - 25/10/2018
کوردستان
+
-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی ئاگاداری گشت هاوبه‌شانی كاره‌بای بازرگانی، پیشه‌سازیی، كشتوكاڵی و ماڵان ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ هه‌ركه‌س سه‌رپێچی كردووه‌ له‌ سه‌عاتی كاره‌باكه‌یی هه‌تا مانگی 12 چاره‌سه‌ری بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی سزا ده‌درێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌،‌ لیژنه‌كانی سه‌رپێچی و به‌دواداچوون له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای، هه‌ڵمه‌تێكی فراوان و ورد له‌ناوشار و ده‌ره‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌كان ئه‌نجامده‌دات، به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ و ئاشكراكردنی حاڵه‌ته‌كانی ده‌ستكاریكردنی پێوه‌ره‌كانی كاره‌با.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، لیژنه‌كانیان به‌رده‌وامن له‌گه‌ڕان و به‌دواداچوونی هه‌ر سه‌رپێچییه‌كی نایاسایی بۆ سه‌ر تۆڕه‌كانی كاره‌بای و سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌و كاره‌ یان كردوه‌.

كاره‌بای سلێمانی  ئه‌و كه‌سانه‌ ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌ستكاری پێوه‌ری كاره‌با یان هه‌ر پێچییه‌كیان كردووه‌، له‌ ئه‌مڕۆ وه‌ تا 1/12/2018 به‌ په‌له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ئاگاداربكه‌نه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر لیژنه‌كان ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ بگرێت، جگه‌ له‌سزا دارایی، تقدیر صرفیاتی ساڵانی رابردوویان بۆ ده‌كرێت و رێكاری توندی یاساییان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، هه‌ر هاووڵاتیه‌ك ئاگاداریان بكاته‌وه‌ له‌بوونی سه‌رپێچی و زیاده‌ڕه‌وی بۆ سه‌ر تۆڕه‌كانی كاره‌با، به‌پێی یاسا پاداشت ده‌كرێت و ناویشی پارێزراو ده‌بێت.

1972 جار خوێندراوەتەوە