سكرتاریەتی يەكێتی مامۆستایانی كوردستان داوا
دەکات بڕیاری جددی بنرێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان.
هەواڵ:KNNC
مەكتەبی سكرتاریەتی يەكێتی مامۆستایانی
كوردستان لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان لەراگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە
دەکات، رۆژی پێنجشەممە پلەی سەربازی زیاتر لە چوار هەزار ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە
بەرزكرایەوە لەكاتێكدا ماوەی 10 ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەردو وەزارەتی پەروەردەو
خوێندنی باڵا لەچاوەڕوانیدان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەیان.
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژەی بەوەکردوە،
کە ئەوان پێزانینیان هەیە بۆ هەر هەنگاوێك بۆ باشتركردنی گوزەرانی موچەخۆرانی
كوردستان و وێڕای پیرۆزبایی لە ئەفسەرانی پلەبەرزكراوە، داوا دەکەین هەرچی زوە
حکومەت كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە، "روی داواكاریمان
لە حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە هەرچی زوە كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی
مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا كە خۆراگرانەو ماندونەناسانە
هاوشان لەگەڵ برا ئەفسەرو پێشمەرگەكان لەسەنگەری خزمەتكردن بە گەل و نیشتمان بون،
مامۆستایانیش بەهەمان شێوەی برا ئەفسەرو پێشمەرگەكان شایەنی پلەبەرزكردنەوەن".
239 جار خوێندراوەتەوە