هەولێر لە مانگی رەمەزانەوە بانگدان دەبێت بە مەرکەزی

KNN : Kurdish News Network
09:17 - 09/02/2025
کوردستان
+
-


ئەوقافی هەولێر رایگەیاندوە، لەمانگی رەمەزانەوە پرۆژەی بانگدانی مەرکەزی  لە ناو سەنتەری هەولێر و دەروبەری کە زیاتر لە دوو هەزار مزگەوت لە خۆ دەگرێت جێبەجێ دەکرێت.

هەواڵ: KNNC

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر، نەبەز ئیسماعیل رایگەیاند؛ لە مانگی رەمەزانەوە بانگدان لە مزگەوتەکانی هەولێر و دەوروبەری دەکرێت بە مەرکەزی و پرۆژەکە لە سەنتەری هەولێر و دەروبەری جێبەجێدەکرێت و ژمارەی مزگەوتەکانیش، دوو هەزار و 137 مزگەوتە.

وتوشیەتی ئەم پرۆژەیە  وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردودا کاری لەسەر کردوە  و سەرەتاش، بۆ نوێژی بەیانی و خۆرئاوابون جێبەجێ دەکرێت.

بە وتەی بەڕێوەبەری ئەوقاف، ستۆدیۆی سەرەکی ناوەندی بانگدانەکە لە هەولێر دەبێت،  45 بانگبێژ بەشداری دەکەن کە هەندێکیان کارمەندی وەزارەتی ئەوقافن، ئەوانی تریش خۆبەخشن.

بانگدانەکەش لە ڕێگەی تەکنەلۆجیای ئەلیکترۆنییەوە، ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت نەک لە ڕێگەی تۆمارکردنی پێشوەختەوە، ئەم بڕیارە دوای ڕەزامەندی لیژنەی فەتوای هەرێم دراوە و بریاریشە لە داهاتودا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

612 جار خوێندراوەتەوە