فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق هۆشداریەكی توندی بڵاوكردەوە

KNN : Kurdish News Network
04:14 - 23/03/2024
عێراق
+
-

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەرکەوتنی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەفسەران قەدەغە دەكات بەتایبەتی لەکاتی پۆشینی جلوبەرگی سەربازیدا.

هەواڵ: (KNNC)

 

ئەمڕۆ شەممە، نوسینگەی سەرۆک وەزیران بڵاویكردەوە: بەفەرمانی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێویستە سەرجەم فەرماندە سەربازییەكان خۆیان لە دەرکەوتنی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدور بگرن، هەروەها ئەو چالاکیی و ئەرکانەی  لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجام دەدرێن، بەتایبەتی بە جلوبەرگی سەربازییەوە بڵاونەكرێنەوە.


رونیكردوەتەوە؛ سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عێراق هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری، ئاسایش بە سەرجەم بەشەکانییەوە راسپاردوە، چاودێری و بەدواداچون بۆ لێدوان و بابەتە بڵاوكراوەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئەفسەران و بەرپرسە سەربازییەكانی دیكە بكەن.


لە نوسراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیراندا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە؛ لەكاتی دەرکەوتنی کەسایەتییە ئەمنی و سەربازییەکان لە ئاستە جیاوازەکان و دزەپێکردنی زانیاری و بەڵگەنامەكان كە زیان بە ناوبانگی هێزە چەکدارەکان بگەیەنن، لێكۆڵینەوە دەكرێت و ئەو ئەفسەرانەی لە جێبەجێ كردنی بڕیارەكەدا كەمتەرخەمن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و رێوشوێنی یاسایی سەربازی لە دژیان دەگیرێتەبەر.

 

1994 جار خوێندراوەتەوە