هەشتەم هەوڵی ئەمەریكا بۆ راگرتنی جەنگی غەززە

KNN : Kurdish News Network
06:35 - 10/06/2024
ڕاپۆرت
+
-

بۆ تاوتوێكردنی راگرتنی جەنگی غەززە، بۆ جاری هەشتەم، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و داوای سەرۆكی ئەمەریكا بە وڵاتە عەرەبییەكان دەگەیەنێت بۆئەوەی فشار بخەنە سەر بزوتنەوەی حەماس بۆ راگرتنی جەنگ، وەزارەتی تەندروستی غەززە-ش داوای بەهاناوەچونی خێرا دەكات.

 

راپۆرت: (KNNC)


جارێكی دیكە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ تاوتوێ كردنی راگرتنی جەنگی غەززە لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، كاركردن لەسەر پێشنیازەكەی جۆبایدن، سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كردوە، لە قاهیرەی پایتەختی میسر و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای لە وڵاتە عەرەبییەكان كرد فشار بخەنە سەر بزوتنەوەی حەماس بۆ ئەوەی بە پێشنیاری ئاگربەست رازی ببێت.

 

وتیشی: بۆ بەدەستهێنانەوەی ئارامی، ویستی زۆرینەی رەهای ئیسرائیلییەكان و فەلەستینیەكان كۆتایی هێنانە بە جەنگ، لەبەر ئەوەی هەردو گەلەكە ئاشتیان دەوێت.

 

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، باشترین رێگەی دڵنیابونەوە بۆ رێگری كردن لە زیادبونی ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان، رازیبونی بزوتنەوەی حەماسە بەڕێککەوتنی ئاگربەست.

 

لای خۆیەوەشەوە، عەبدول فەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر، رایگەیاند: لە هەوڵدان بۆ راگرتنی جەنگی غەززە بەردەوام دەبن وتیشی: یەكێكی دیكە لە ئامانجەكانیان لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیاندنی هاوکاری مرۆییە بۆ کەرتی غەززە.


هەفتەی پێشو جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا پێشنیارێكی نوێی بۆ ئاگربەست راگەیاند كە بریتییە لە وەستانی جەنگ، ئازادکردنی هەندێک لە بارمتەکان لە غەززە و ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیل، هەروەها زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکان، کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل لە ناوچە قەرەباڵغەکانی دانیشتوان لە غەززە و گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی بۆ شوێنەكانی خۆیان.

 

 

بەرپرسە ئەمەریكییەكان ئاشكرایان كردوە كە، ئیسرائیل بە پێشنیارەكەی سەرۆكی ئەمەریكا رازی بوە، بەڵام تا ئێستا حەماس نە پێشنیارەکەی رەت كردوەتەوە و نە پەسەندیشی كردوە.


بارودۆخی منداڵانی غەززە

لە کۆی (10) منداڵ لە کەرتی غەززە نۆ منداڵیان بەدەست برسێتی و كەمی خۆراكەوە دەناڵێنن و ژمارەیەكی زۆریشان رۆژێکی تەواو بەبێ خواردن بەسەر دەبەن.

 

لەسەر بارودۆخی دانیشتوانی كەرتی غەززە بە گشتی و منداڵان بەتایبەتی، رێكخراوی یونیسێف بڵاویکردەوە، گوزارشت لە وێرانکارییەکانی جەنگی غەززە ناکرێت، ئەو وێنانەی لە مانگە دەستكردەكانەوە چركێندراون؛ زیاتر لە نیوەی باڵەخانەکانی شارەكە وێران بون، بارودۆخی دانیشتوانی شارەكە زۆر خراپە بەتایبەتی منداڵان، بەپێی زانیارییە بەدەستهاتوەكان نەبونی خواردەمەنی بوەتە هۆی برسێتییەكی زۆر كە لە كۆی (10) منداڵ نۆ منداڵیان بەدەست كەم خۆراكییەوە دەناڵێنن.

 

نەتەوە یەکگرتوەکان رونیکردوەتەوە، پاككردنەوە و لابردنی داروپەردوی تەلارە روخاوەكان ساڵانێکی زۆری پێویستە، ئەمە بێجگە لە چاکبونەوەی زەبر و زەنگە دەرونییەكان کە لە ئەنجامی شەڕەكەی غەززەوە دروست دەبێت كە بەدڵنیاییەوە ساڵانێكی زیاتری دەوێت.



وێستگەی بەرهەمهێنانی ئۆكسجین لە غەززە مەترسی وەستانی تەواوەتی لەسەرە


هاوكات، وزارەتی تەندروستی كەرتی غەززە لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رایگەیاند: ئەو تاكە وێستگەی ئەركی بەرهەمهێنانی ئۆكسجینیە بۆ نەخۆشخانە مەترسی راوەستانی تەواوەتی لەسەرە ئەوەش هەڕەشە لە ژیانی نەخۆشەكان دەكات.

 

هەروەها، بەهۆی تەواو بونی سوتەمەنی بۆ کارپێکردنی مۆلیدەكان، ساردکەرەوەکانی نەخۆشخانەكان لەكاركەوتون ئەوەش زیانی بەدەرمانەكانی نەخۆشخانەكە گەیاندوە.

 

وزارەتی تەندروستی كەرتی غەززە داوا لە سەرجەم پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکات دەستوەردانی و خێرا بکەن ئەو بارودۆخە رابگرن.

 

لەرۆژی (7ـی ئۆكتۆبەری 2023)ـوە جەنگ لەنێوان بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە كەرتی غەززە هەڵگیرساوە، بەهۆیەوە تا ئێستا (37) هەزار و (124) هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە لەگەڵ برینداربونی (84) هەزار و (712) كەسی دیكە.

355 جار خوێندراوەتەوە