دیبەیتە 90 خولەکییەکەى بایدن و دۆناڵد ترەمپ،
ئەستێرەى بەختى بایدنى بۆ دوبارە وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆکى ئەمەریکا بەرەو خامۆشبون
برد، ئەمجارە ناڕەزایەتییەکان تەنها لەناو خەڵک و میدیاکاندا نەمانەوە، بەڵکو لەناو
حیزبەکەى خۆیشیدا ناڕەزایەتیی دروستبوە، بەشێکیان داوا دەکەن بایدن لە کاندیدبونى بۆ
پۆستى سەرۆکى ئەمەریکا بکشێنرێتەوە و ئەمەش خانمى یەکەمى توڕە کردوە.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە
کە جیڵ بایدن، خانمى یەکەمى ئەمەریکا رەخنەى توندى لە دیموکراتەکان گرتوە کە پێشنیارى لابردنى بایدنیان کردوە و دەڵێت:
ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕکردن و رێگە نادەین 90 خولەک 4 ساڵى کارکردنى بایدن وەک
سەرۆکى ئەمەریکا بسڕێتەوە.
جۆ بایدن، خۆیشى سورە لەسەر مانەوەى وەک کاندیدى دیموکراتەکان، وتویەتى:" تەنها ئەگەر خودا پێم بڵێت دەست لە کاندیدبون دەکشێنمەوە،
راستە من لە باشترین دۆخمدا نەبوم بەرامبەر ترەمپ، بەڵام ئەم پێشبڕکێیە دەکەم و دەشیبەمەوە.
سەربارى ئەم پێداگرییەى بۆ مانەوە، بەڵام بایدن
لە کۆبونەوەیەکیدا لە کۆشکى سپى رایگەیاندوە کە پێویستى بە خەوى زیاترە و پێویستە
لە کاتژمێر 8ـى ئێوارەوە هیچ کار و کۆبونەوەیەکى پێ نەسپێردرێت چونکە لەو کاتەدا دەچێت
دەخەوێت.
دۆناڵد ترەمپ بەردەوام رەخنەى توندى ئاڕاستەى جۆ
بایدنى سەرۆکى ئەمەریکا دەکات، بە سەرۆکێکى خراپ وەسفیدەکات و دەڵێت: جیهان بەرەو
جەنگى جیهانیی سێیەم پەلکێش دەکات، دەرکەوتنەکەیان بەیەکەوە بۆ بایدن هیچ خێرێکى تیانەبو.
بڕیارە لە 10ـى سێپتەمبەریش دوەم و کۆتا دیبەیتى ترەمپ و بایدن بەڕێوەبچێت
و بە ئەگەرێکى زۆرەوە ئەم دیبەیتە چارەنوسى هەریەکەیان یەکلایی دەکاتەوە.
ئامادەکردنی/ باڵا ئاکۆ
216 جار خوێندراوەتەوە