هێلیکۆپتەرێک لە
نیمچەدورگەیەکى روسیا بە 22 سەرنشینەوە تێکشکاوە و تا ئێستاش چارەنوسى پێنج سەرنشین یەکلا نەکراوەتەوە.
هەواڵ:KNNC
ئاژانسى هەواڵى تاس،ى
روسیی بڵاویکردوەتەوە؛ لە نیمچەدورگەى کامچاتکا هێلیکۆپتەرێک بە 22 سەرنشینەوە
کەوتوەتە خوارەوە و تا ئێستاش تەرمیی 17 سەرنشینیان دۆزیوەتەوە و تا ئێستاش هیچ
کەسێک لەو روداوە رزگارى نەبوە.
وەزارەتى فریاکەوتنى
روسیی لەوبارەیەوە ئەوەى ئاشکرا کردوە کە تیمەکانى فریاکەوتن دەستیان بە
گەڕانەکانیان کردوە و لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنى چارەنوسى پێنج سەرنشینە
بێسوروشوێن بوەکە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانى بڵاویانکردوەتەوە هیچ سەرنشینێک
رزگارى نەبوە.
فڕۆکەکە لە جۆرى
هێلیکۆپتەرى (مى-8تى)یە، لەگەڵ ئەوەى لە هەفتەى رابردوەوە نیمچەدورگەى کامچاتکا
روبەڕوى زریانێکى بەهێز بوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هۆکارى تێکشکانى ئەم فڕۆکەیە
یەکلایی نەبوەتەوە.
ئەمە یەکەم روداو نییە
لەم دورگەیە روبدات، پێشتر و لە ئۆگەستى ساڵى 2021 فڕۆکەیەک بە 16 سەرنشینەوە
تێکشکا و بەهۆیەوە هەشت سەرنشینیان گیانیان لەدەستدا، لە هەمان ساڵیشدا فڕۆکەیەکى
دیکە بە 28 سەرنشینەوە تێکشکا و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.
227 جار خوێندراوەتەوە