لەشاری میونشنی ئەڵمانیا هێرشكرایە سەر كونسوڵخانەی ئیسرائیل و
بەرپرسانی ئەمنی ئەو وڵاتە رایدەگەیەنن: تەقەكەرەكەیان كوشتوە.
هەواڵ: (KNNC)
میدیاكانی ئەڵمانیا بڵاویانكردەوە؛ گەنجێكی تەمەن (18) ساڵان كە
خەڵكی نەمسایە و دانیشتوی میونشنە، تەقەی لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل كردوە و
لە ئەنجامی وەڵامدانەوەیدا، هێزەكانی پۆلیس توانیوانە بیكوژن.
رونیانكردوەتەوە، بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەست پۆلیس كەوتوە؛ تەقەكەرەكە
موسوڵمانە و خەڵكی نەمسایە هەروەها بەرەگەز بۆسنەییە، ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بۆ
هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكەی ئیسرائیل بەكارهێناوە، ساڵی رابردوش بەگومانی ئەندام
بون لە رێكخراوی داعش سكاڵای لەسەر كراوە.
دوای روداوی تەقەكردنەكە، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ئاستی ئەمنی
بۆ پارێزگاری كردن و پاراستنی كونسوڵخانەی ئیسرائیل لە شاری میونشنی وڵاتە بەرز كردوەتەوە و هێزی ئەمنی زۆر لە ئەو
ناوچە جێگیرکراون.
لای خۆشیەوە، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا روداوەکەی بە مەترسی جدی ناساندوە
و جەختی كردوەتەوە كە؛ پاراستنی دامەزراوە ئیسرائیلییەکان لە پێشینەی کارەکانیانە.
میدیاكانی ئەڵمانیا ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردوە كە؛ بەرپرسانی
ئەمنی میونشن گیان لە دەستدانی تەقەکەرەکەیان راگەیاندوە و جەختیشیان كردوەتەوە كە
تۆمەتباری دیكە كە پەیوەندی بە روداوی هێرش كردنە سەر كونسوڵخانەی ئیسرائیلەوە
هەبێت نییە.
136 جار خوێندراوەتەوە