ئاسایشی سلێمانی: دەستمان بەسەر زیاتر لە (500) كیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتوە

KNN : Kurdish News Network
09:19 - 16/09/2024
کوردستان
+
-

لە دو مانگی رابرودا ئاسایشی سلێمانی دەستی بەسەر زیاتر لە (500) كیلۆگرام ماددە هۆشبەرەكاندا گرتوە كە بازرگانەكان ویستویانە بەتەكنیكی نوێ رەوانەی ناوەڕاست و خواروی عێراقی بكەن.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بڵاویكردەوە: لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی زانیاری هەواڵگری پێشوەختە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش، توانیویەتی لە دو مانگی رابردودا دەستبەسەر بڕی زیاتر لە (500) كیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا بگرێت.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیویانە دەستبگرن بەسەر بڕی (514) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (کۆکاین، کریستاڵ، ماریجۆنا، تلیاک،  کریستاڵی شل، حەبی کابتاگۆن)ـدا بگرن.

 

رونیكردوەتەوە، لەدو مانگی رابردودا هێزەكانی دەزگای ئاسایش توانیویانە (50) تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن.

 

ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بازرگانەكان ویستویانە بە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێی حەشاردان ماددە هۆشبەرەکان لەناوچە سنورییەکانەوە بەرەو شارەکان و ناوەڕاست و خواروی عێراق بنێرن، لە ئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (25 و 26)ـی  یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.

59 جار خوێندراوەتەوە