دانا ئەحمەد مەجید: ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت بەشداری لە حکومەتدا ناکەین

KNN : Kurdish News Network
06:02 - 30/09/2024
کوردستان
+
-

رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەوەكالەت رایدەگەیەنێت: گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسیی خاوەن بەرنامەی فرەڕەهەندی نیشتمانی بەمەبەستی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی دەستی بەکارکرد، بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی پابەندی ئەو بەڵێنەی لەسەری رێككەوتبون نەبو، بەشدارییكردنی لە حكومەت بەزیانی خەڵک و بزوتنەوەی گۆڕان و تەنانەت بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش شکایەوە، بۆیە داوای لێبوردن دەکەین و ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت بەشداری لە حکومەتدا ناکەین، تا ئەو کاتەی زۆرینەی پەرلەمانی پێک دەهێنین.

 

هەواڵ: (KNNC)


دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەوەكالەت رایگەیاند: گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسیی خاوەن بەرنامەی فرەڕەهەندی نیشتمانی دەستی بەکارکرد و مەبەستی بو چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا بە ئەنجام بگەیەنێت، بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی ئەو بەڵێنانەی بۆ چاکسازی لەسەری ڕێککەوتبوین جێبەجێی نەکرد.


رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەوەكالەت ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەرامبەر ئەو هەڵە و کەموکوڕیانەی کە ئەنجامدراوە و بۆتە مایەی دڵساردی دەنگدەرانی گۆڕان، داوای لێبوردن دەکەین و ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت بەشداری لە حکومەتدا ناکەین، تا ئەو کاتەی زۆرینەی پەرلەمانی پێک دەهێنین.



دەقی پەیامەكەی دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە وەكالەت:


هاونیشتمانیانی خۆشەویست..

گۆڕانخوازانی دڵ پڕهیوا..

 

ئاشکرایە، گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسیی خاوەن بەرنامەی فرەڕەهەندی نیشتمانی دەستی بەکارکرد و مەبەستی بو چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا بە ئەنجام بگەیەنێت و حوکمڕانی دادپەروەری و سەروەری یاسا بکاتە جێگرەوەی ئەم حوکمڕانیەی بەرقەرارە و لەوێشەوە ژیانێکی باشتر و شایستە بۆ خەڵکی بە ئەمەکی کوردستان فەراهەم بکات.

حوکمڕانییەک، کە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن تیایدا سەربەخۆ و لەیەک جودابن، حوکمڕانییەک کە هێزە چەکدارەکان لەژێر چەتری هێزێکی نیشتمانی نیزامی کۆبکاتەوە و دیاردەی هێزی چەکداری حیزبی کۆتایی بێت.

 

بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە، وەکو یەکەمین و گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن، هەمو ڕێگایەکی مەدەنیانە و ئاشتیخوازانەمان گرتەبەر، شێوازێکی نوێی کارکردنی ئۆپۆزسیۆنی فەراهەم هێنا و کۆمەڵێک پاکێجی گرنگی چاکسازیمان خستە بەردەم دەسەڵاتی سیاسیی، دواجاریش هەر بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو پاکێجانە بەشداری حکومەتمان کرد، بەو هیوایەی ئەوەی لەڕێی خەباتی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆمان ئەنجام نەدرا؛ لەڕێی بەشداریمانەوە لە حکومەتدا خزمەتی هاونیشتمانیانمان بکەین، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسیی ئەو بەڵێنانەی بۆ چاکسازی لەسەری ڕێککەوتبوین جێبەجێی نەکرد.

 

دواجاریش ئەو بەشدارییە بە زیانی خەڵک و بزوتنەوەی گۆڕان و تەنانەت بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش شکایەوە، لەو ناوەندەشدا پاشەکشێی بزوتنەوەی گۆڕان بە کەمبونەوەی متمانە دەنگی لەناو خەڵک بە گشتی و گۆڕانخوازان و دەنگدەرانی گۆڕان بەتایبەتی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوکاتیش ژمارەیەک کارەکتەر و سەرکردەی دیار و هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانی گۆڕان دورکەوتنەوە.   

 

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان  ..
گۆڕانخوازانی بە هەڵوێست ..

ئێمە لەکاتێکدا بە چاوی ڕەخنەوە سەیری ئەو ساڵانەی بەشداریمان لە حکومەتدا دەکەین؛ بە ئەزمونێکی ناسەرکەوتوی لەقەڵەم دەدەین، هەربۆیە لەبەرامبەر ئەو هەڵە و کەموکوڕیانەی کە ئەنجامدراوە و بۆتە مایەی دڵساردی دەنگدەرانی گۆڕان، داوای لێبوردن دەکەین، بەڵێن دەدەین لاپەڕەیەکی نوێ لە کاری سیاسیی بۆ خزمەتی خەڵکە خۆشەویستەکەمان هەڵدەدەینەوە و بەخۆداچونەوەیەکی قوڵ و گشتگیر لەناوخۆی خۆمانەوە دەست پێدەکەین، بەو هیوایەی بە پشتیوانی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان بتوانین بزوتنەوەی گۆڕان لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەکەدا بگەڕێنینەوە پێگەی شایستەی خۆی.

لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم سەرباری ئەوەی ئەم دۆخە ناهەموار و قەیرانئامێزەی بەسەر هەرێمی کوردستانیاندا هێناوە، بێ ئومێدیەکی زۆریش لای خەڵک دروست بوە و متمانەی هاوپەیمانان و دۆستەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەم حوکمڕانیە کەم بوەتەوە. لەبەرامبەریشدا، لەناوخۆدا، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، لە دۆخێکی پەرتەوازەییدا دەژین، ئەمەش لەلایەکەوە خزمەتی حیزبەکانی دەسەڵات و درێژەدان بەم حوکمڕانییە ناتەندروستە کردوە و لەلایەکی تریشەوە ئومێدی خەڵک بۆ دەرچون لەم بازنەی قەیرانە لاوازتر کردوە.

لەم ڕوانگەیەوە، هەوڵی ئێمە بۆ گەڕانەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ بینینی ڕۆڵی شایستەی خۆی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا، بەتایبەت لەڕێگەی بەشداری هەڵبژاردن و ململانێی دیموکراتی خزمەتی خەڵک بکەین، بەشێوەیەک ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت بەشداری لە حکومەتدا ناکەین، تا ئەو کاتەی زۆرینەی پەرلەمانی پێک دەهێنین؛ لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنەوە شەڕی مەدەنیانەی خۆمان لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانیان دەکەین.

هەروەها دەمانەوێت جەخت لەو پرەنسیپە نەگۆڕەی گۆڕان بکەینەوە؛ تەوریسی سیاسیی و میراتگری حزبی ڕەتدەكەینەوە، پێداگریشین لەسەر دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات چ لە ناو حزب و، چ لەناو سیستەمی حوكمڕانی هەرێم.

دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ..
گۆڕانخوازانی بە هەڵوێست ..

 

گۆڕان هێزی خەڵک و دەنگدەرە، دەبێ هەمو بزانین کە دەنگدەر ئایندە و چارەنوسی هەمو حزب و رێکخراوێک دیاری دەکات، بە دیوێکی دیکەدا بێ ڕەوایەتی خەڵک و پشتیوانی دەنگدەرانمان ناتوانین بزوتنەوەی گۆڕان بگێڕینەوە بۆ ئاستی ئەو چاوەڕوانیەی خەڵک لێمان دەخوازێت، هەربۆیە داواتان لێ دەکەین بەتایبەت ئەو سەرکردە و هاوڕێیانەی لە ماوەی ڕابردودا بە هەر هۆکارێک لە هۆکارەکان لێمان دورکەوتونەوە، لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان هەلێکی دیکەمان پێبدەن بزوتنەوەکەتان بخەنەوە سەر نەخشەی هێز و کاریگەری لە پرۆسەی سیاسیی هەرێم و عێراقدا.

 

لە کۆتایدا، دەمانەوێت جارێکی دیکە بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە داوای لێبوردنتان لێبکەین، هەروەک بە متمانەوە ڕو لە هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان دەکەین و داوای پشتیوانیتان لێدەکەین، هیواخوازین لەم چەند ڕۆژەی بەردەستمانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئاڵای گۆڕان بشەکێنینەوە، مۆمی گۆڕان بدرەوشێنینەوە، هاوکات کۆششی تەواو بکەین بۆ گێرانەوەی متمانە و توانا و وزەی گۆڕانخوازان بۆ ناو بزوتنەوەکە، بەئامانجی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ بۆ لیستی (١١٤)ی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەو لیستەی لە ژمارەیەک کاندیدی هەڵکەوتو و دڵسۆز و خەمخۆر پێکهاتوە، ئومێدمان هەیە بە پشتیوانی خوای گەورە و بە دەنگی خەڵک و ئێوەی بەڕێز بزوتنەوەی گۆڕان بەهێز بکەینەوە و بیخەینەوە سەر شاڕێگەی گۆڕانکاری.

510 جار خوێندراوەتەوە