بزوتنەوەى گۆڕان،
کارنامەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى لە هەشت تەوەردا بڵاوکردەوە
و هێڵە ستراتیژییەکانى قۆناغى داهاتوى دیارى کردوە.
هەواڵ:KNNC
کارنامەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، هەشت تەوەرى لە خۆگرتوە کە
بریتین لە تەوەرەکانى عێراق و هەرێمی کوردستان، ئامانجە نیشتمانی و دیموکراتییەکان،
حکومەت و پەرلەمان، تەندروستی و ژینگە، گەنجان، خوێندکاران، ئافرەتان و پرۆژەی ستراتیژی.
بزوتنەوەى گۆڕان لە
کارنامەکەیدا، جەخت لە چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێرراوەکانى نێوان هەرێم و بەغداد
لەسەربنەماى دەستور و کارکردن بۆ جێبەجێکردنى تەوتینى موچە و زامنکردنى مافەکانى گەلى
کوردستان چارەسەرکردنى کێشەکانى ناوچە جێناکۆکەکان کردوەتەوە.
جەختیش دەکاتەوە لەوەى، پەرلەمان
و حکومەتى داهاتو ،کارى لەپێشینەیان دابینکردنى قووت و بژێویى خەڵک و
خزمەتگوزارى گشتى و پێداویستییە سەرەکییەکان بێت.
بایەخدان بە گەنجان
و ئافرەتان و خوێندکارانیش، بەشێکى دیکەى کارنامەى بزوتنەوەى گۆڕانە بۆ خولى
شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.
هەروەک جەختیش
کراوەتەوە لەوەى، پەرلەمان و حکومەتى داهاتو بەرپرسن لە پیادەکردنى سیستمێکى دیموکراسى
و دامەزراندنى دەوڵەتى یاسا، لە کۆتا بەشى کارنامەکەشدا، کە تایبەتە بە پرۆژەى
ستراتیژى، بزوتنەوەى گۆڕان پلانێکى درێژخایەنى بۆ گەشەپێدانى سەرجەم بوارەکان
خستوەتەڕو.
264 جار خوێندراوەتەوە