بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردو حکومەتی هەرێم و
خۆجێی کشایەوە، رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش لە پەیامێکدا دەڵێت: "ئەگەرچی بڕیارێکی
درەنگ وەختە، بەڵام ڕاست و پێویستە".
هەواڵ:KNNC
دانا ئەحمەد مەجید
رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران لە پەیامێکدا کشانەوەی بزوتنەوەکەی لە هەردو حکومەتی
هەرێم و خۆجێی راگەیاند.
لە پەیامەکەی رێکخەری
گشتیدا هاتوە، لە کۆبونەوەی نائاسایی جڤاتی نیشتمانی
بزوتنەوەی گۆڕان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤات بڕیاردرا، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردو
حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی بکشێتەوە.
دەشڵێت: "بڕیاری کشانەوەیان لە حکومەت، وەڵامدەرەوەی خواست و داواکارییەکانی
هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانخوازانی ناو پەیکەری ڕێکخراوەیی و دەرەوەی
پەیکەری ڕێکخراوەیی بزوتنەوەکەمانە".
راشیگەیاند، "بڕیاری کشانەوەمان لە حکومەتی
هەرێم و حکومەتی خۆجێی؛ بەشێکە لە زنجیرەیەک گۆڕانکاری و هەڵوێست و بڕیار، کە دوای
گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەکەمان، بە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و
کەسایەتی و هەڵسوڕاوی دەرەوەی بزوتنەوەکەمان، دەستمان پێکردوە و بڕیارمانداوە بۆ
پشتیوانی خەڵکی کوردستان گۆڕان بەهێزبکەینەوە".
ئەوەش هاتوە، "لەو ڕوانگەیەوە، ئەزمونی بەشداریکردنمان
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شاهێدی خەڵک و هەڵسوڕاو و دەنگدەرانمان،
سەرکەوتو نەبو، ئەو کارنامەی بۆ چاکسازی و خزمەتی گەلەکەمان نوسرا؛ حکومەت جێبەجێی
نەکرد، بۆ ئەو ئەنجامەش دوبارە داوای لێبوردن لە میللەتەکەمان دەکەین، ئەگەرچی بڕیارێکی
درەنگ وەختیشە، بەڵام ڕاست و پێویستە، هەربۆیە سوپاسی سەبر و چاوەڕوانیتان دەکەین
و بەڵێن دەدەین هەڵەکان ڕاست دەکەینەوە".
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "بزوتنەوەی
گۆڕان بە ستراتیجێکی نوێی سیاسیەوە دێتەوە مەیدان، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ ئەو بەرنامە
سیاسیەی کاک نەوشیروان لە سەرەتای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان؛ بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی
حوکمڕانی هەرێم خستیەڕوو، ستراتیجێک ڕوو لە خەڵک و پشت لە پلە و پۆست و دەسەڵات، ستراتیجێک
بۆ سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوەی توانا و وزەی شەقام و خەڵک و گەنجان و ژنان و هەڵسوڕاوانمان".
رێکخەری گشتی
بزوتنەوەی گۆڕان، بانگەواز بۆ هەمو ئازادیخوازان، دەنگدەرانی
کوردستان، کەسایەتی و گۆڕانخوازانی ڕازی و ناڕازی دەکات، لەم قۆناغەدا لەگەڵیان بن
و بەیەکەوە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ قۆناغی موعارەزەی سیاسی و نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی
خەم و خواستەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ئامادە بکەن، بەیەکەوە گوڕ بدەنەوە بە خەباتی
مەدەنی و پەرلەمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیان.
826 جار خوێندراوەتەوە