تەلئەبیب: دانوستانەكانی ئاگر بەست لە غەززە شكستیانهێنا

KNN : Kurdish News Network
06:28 - 28/10/2024
جیهان
+
-

بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاشكرایدەكات، دانوستانەكانی ئاگر بەست لە غەززە تا دوای راگەیاندنی براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پێشکەوتن بەخۆیەوە نابینێت، تەلئەبیبیش شكستهێنانی دانوستانەكانی راگەیاند.


هەواڵ: (KNNC)


بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی كە رەتی كردوەتەوە ناسنامەكەی ئاشكرا بكرێت بە (CNN)ـی راگەیاندوە: دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، تا دوای راگەیاندنی براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە لە (5ـی 11ـی 2024) بەڕێوە بچێت، پێشکەوتن بەخۆیەوە نابینێت، بەڵكو كۆبونەوەكان لەپێناو بەردەوامی كۆبونەوەكان ئەنجام دەدرێن.

 

وتوشیەتی؛ لە دەستپێكردنەوەی گەڕێكی نوێی كۆبونەوەكان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر باس لە رێككەوتنی نێوان هەردو لایەنی بەشەڕ نەهاتو، ئاگر بەست و ئازادكردنی بارمتەكان نەكراوە، بەڵكو تەنها جەخت لە  بەردەوامی كۆبونەوەكان كراوەتەوە.

 

بەرپرسەكە ئاماژەی بەوەشکردوە، یەكێكی دیكە لە ئامانجی كۆبونەوەكان رازیکردنی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسە بۆ رێككەوتن لەسە ئاگر بەست كە لە مانگێك زیاتر نەبێت، بەئومێدی ئەوەی بتوانرێت دواتر رێككەوتن لەسەر كۆتایی هێنان بەجەنگەكە بكرێت.

 

رۆژی یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، كە بەڕێوبەری سی ئای ئەی و سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل و سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە دۆحە بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی نوێی ئاگربەست لە کەرتی غەززە کۆبونەتەوە.

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حورە، هێنری ئێنشێر، جێگری یاریدەدەری پێشوی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، باسی لە شكستهێنانی دانوستانەكانی دەوحە كردبو، لای خۆشیەوە، تەلئەبیب رایگەیاندبو؛ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر پێشنیاری گەڕێكی دیكەی دانوستان و ئاگر بەست كردبو لە دەوحە، بەڵام دانوستانەكان شكستی هێناوە.

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، قوربانیانی جەنگی بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە كەرتی غەززە بۆ (43) هەزار و (20) گیان لە دەستدان و برینداربونی (101) هەزار كەس بەرزبوەتەوە.

481 جار خوێندراوەتەوە