سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق جەخت دەکەنەوە
لە ئەنجامدانی سەرژمێری لە وادەی خۆیدا بە تێپەڕاندن و چارەسەکردنی ئەو
بەربەستانەی لەبەردەم ئەنجامدانی پڕۆسەکەدا هەن، بۆئەو مەبەستەش
لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێم کۆبونەوە.
هەواڵ:KNNC
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغداد لەگەڵ سەرۆککۆمار و
سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبونەوە، نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی بڵاویکردوەتەوە، لە کۆبونەوەکەدا پێشهاتەکانی
دۆخی ناوچەکە و پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق
تاوتوێکراون، جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبونی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنی
پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بە پێی دەستور و یاسا.
هەروەها تاوتوێی ئامادەکارییە
بەردەوامەکان کرا، بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان و پێداچونەوە بە
ئامادەکارییەکانی پرۆسەکە، جگە لەوەش گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک تێبینی پەیوەست بە
پرۆسەکەوە کراوە، بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ڕاستەقینە و تێپەڕاندنی هەر
کۆسپ و بەربەستێک کە دێنە بەردەم پرۆسەکە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە
کۆبونەوەکەدا بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی پرۆسەکە باسیان لە تێبینیەکان و چارەسەرکردنیان
کردوە کە ڕەنگە ببنەوە هۆی بەربەست بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری و سەرجەمیشیان جەختیان
کردوەتەوە لە گرنگی ئەنجامدانی سەرژمێریی لە وادەی خۆیدا.
342 جار خوێندراوەتەوە