دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر ئەو پێنج
سکاڵایە کۆدەبێتەوە کە تایبەتن بە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای
کەرکوک.
هەواڵ:KNNC
بەگوێرەی بەرنامەی کاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق
بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگاکە لەبارەی ئەو پێنج سکاڵایە بەڕێوەبچێت کە
دوانیان لەلایەن راکان جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و پارێزگاری پێشوی
شارەکە تۆمار کراون .
یەکێک لە سکاڵاکانی جبوری تایبەتە بە سەرۆککۆماری
عێراق و لە سکاڵاکەدا داوا کراوە دادگای فیدراڵی سەرۆککۆمار پابەند بکات بە کشانەوەی
مەرسومی کۆماری، کە بۆ دامەزراندنی رێبوار تەها، وەکو پارێزگاری کەرکوک دەریکردوە.
سکاڵاکەی دیکەی راکان جبوری تایبەتە بە سەرۆکی
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و داوای کردوە دانیشتنی 10-08-2024 هەڵبوەشێنرێتەوە کە
تایبەت بو بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاری کەرکوک و سکاڵاکار
دانیشتنەکە بە نایاسایی ناودەبات.
هەریەکە لە سێ سکاڵاکەی دیکەش لەلایەن سەرۆکی
بەرەی تورکمانی عێراق و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تۆمار
کراون بۆ هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکەی مانگی ئاب و پێیان وایە دانیشتنەکە
نایاسایی بوە.
141 جار خوێندراوەتەوە