بەپرسانى ئەمەریکا هۆشدارى دەدەن لەوەى ئەگەر
هێرشەکان لە عێراقەوە بەرەو خاکى ئیسرائیل بەردەوام بێت ئەگەرى وەڵامدانەوەى ئەو
وڵاتە بەشێوەیەکى راستەوخۆ زیاد دەکات، گروپە چەکدارەکانی عێراقیش جەخت لە
بەردەوامیی هێرشەکانیان دەکەنەوە.
هەواڵ:KNNC
ئاژانسى هەواڵى ئەسۆشیەیتد پرێس لە زارى چەند بەرپرسێکى ئەمەریکییەوە کە
ناویان ئاشکرا نەکراوە بڵاویکردوەتەوە؛ بەردەوامیی هێرشەکان لە خاکى عێراقەوە بە
فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان بە ئاڕاستەى ئیسرائیل ئەگەرەکانى وەڵامدانەوەى راستەوخۆى
ئیسرائیلى زیاد کردوە.
جەختیش کراوەتەوە کە لە بەشێک لەو هێرشانەى بە
فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان لە عێراقەوە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران
ئەنجام دەدرێن، ئەمەریکا و هاوکارانى ناچار بون هاوکاریی لە خستنەخوارەوەیان بکەن.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە رۆژانە پێنج هێرش لەناو
خاکى عێراقەوە دژى ئیسرائیل ئەنجام دراون، تەنها هەفتەى رابردوش هەشت فڕۆکەى بێ
فڕۆکەوان لەماوەى 24 کاتژمێردا لە عێراقەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەر بەیانى ئەمڕۆ مقاوەمەى
ئیسلامى لە عێراق ئەنجامدانى هێرشێکى بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان بۆسەر ئامانجێک لە باکورى ئیسرائیل راگەیاند
و جەختیش لە بەردەوامیی هێرشەکان دەکەنەوە.
480 جار خوێندراوەتەوە