ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی
ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت: عێراق پابەندە بە خشتەی كۆتایی هێنان بەئەركی
هێزەكانی هاوپەیمانان و كشانەوەیان.
هەواڵ: (KNNC)
عەلی بەنداوی، ئەندامی لیژنەی
ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: لەچوارچێوەی ئەو
رێككەوتنەوەی كە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ كۆتایی هێنان بەئەركی هێزەكانی
هاوپەیمانان لە عێراق كراوە، وڵاتەكەی پابەندە بە خشتەی كۆتایی هاتن و كشانەوەی
هێزەكانی هاوپەیمانان.
وتیشی: پێشتر حکومەتی عێراق لەسەر
ئەم بابەتە رێككەوتنی كردوە و کاتی بۆ کشانەوە بۆ هێزەكانی هاوپەیمانان بەسەرۆكایەتی
ئەمەریكا داناوە، ئێستا پێویست دوبارە گفتوگۆكردنەوە ناكات.
ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: هێزە ئەمنییەکانی وڵات بەرەوپێشچونی بەرچاویان
بەخۆیانەوە بینیوە و گەیشتون بە ئاستێك كە دەتوانن ئەمنیەت و ئاسایشی شارەكان
بپارێزن، هەروەها توانای روبەڕوی بونەوەی هەمو ئەو مەترسی و هێرشانەیان هەیە كە دەكرێنە
سەر وڵات.
لە دو رۆژی رابردودا، رۆژنامەی
واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی لەزاری بەرپرسێكی كۆشكی سپی و فەرماندەیەكی سەربازی عێراقی
ئاشكرایكردبو، لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا و لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی
رۆژهەڵاتی ناوەڕست، پێدەچێت حكومەتی عێراق داوای درێژكردنەوەی وادەی مانەوەی
هێزەكانی هاوپەیمانان لە وڵاتەكەیدا بكات.
287 جار خوێندراوەتەوە