سودانی رایدەگەیەنێت: پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا پەیوەندییەکی
قوڵی مێژویی بەیەكیانەوە دەبەستێتەوە، ئەردۆغانیش وتیش: خواستی توركیایە كەپەرە بەپەیوەندییەكان
لەگەڵ عێراقدا بدات، هاوكات جەختیان كردەوە كە؛ پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان سود بە هەردو
وڵات دەگەیەنێت.
هەواڵ: (KNNC)
لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، محەمەد
شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: عێراق و توركیا دو وڵاتی دراوسێن،
بۆیە وا پێوست دەكات لە هەم بوارەكاندا پەیوەندییەكانی نێوانیان پتەوتر بكەن،
چونكە پەیوەندییەکی قوڵی مێژویی و کولتوری بەیەكیانەوە دەبەستێتەوە.
وتیشی: پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و رەخساندنی
دەرفەتەکان بۆ هاوكاری كردنی یەكتری لەبوارە جۆراوجۆرەكان و بەتایبەتی ئابوری سود
بەهەردو وڵات دەگەیەنێت.
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ بەدیهێنانی ئەو
ئامانجانەی كە سودی بۆ هەردو وڵات هەیە، بەتایبەتی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان بەهەمو
ئیرادەیەكەوە لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە بەردەوام دەبین.
لای خۆشیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا
رایگەیاند: رێگای گەشەپێدان دەرفەتی هاوبەش بۆ تورکیا و عێراق دەڕەخسێنێت، بۆ پەرەپێدانی
پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات، هاوكات وتیشی: خواستی توركیایە كەپەرە
بەپەیوەندییەكان لەگەڵ عێراقدا بدات.
360 جار خوێندراوەتەوە