بەڕێوەبەرى بەشى یاسایی وەزارەتى
شارەوانى ئاشکرایدەکات کە تا ئێستا رەزامەندى بۆ دابەشکردنى زەوى بەسەر 16 هەزار
فەرمانبەردا دراوە، دەشڵێت: کارکردن بۆ قۆناغى دوەمى دابەشکردنى زەوى دەستیپێکردوە
و ئەمجارە سینگڵەکانیش لەبیر نەکراون.
هەواڵ:KNNC
سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی لە
میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى (پرسى رۆژ)ـى کەى ئێن ئێن رایگەیاند؛ دابەشکردنى
زەوى بەپێی كارتی زانیاری زەوی دەدرێت بە فەرمانبەران و کارتى زانیارى
فەرمانبەرەکە لە هەر شوێنێک بو، لەوێ زەوى وەردەگرێت، نەک بەپێی ئەو شوێنەى کارى
لێدەکات و خزمەتى هەیە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە لە ئێستادا
رەزامەندیان بۆ پێدانی زەوی بە 16 هەزار فەرمانبەر وەرگرتوە و ناردویانەتە شارەوانییە
پەیوەندیدارەکان کە ژمارەیان لە هەولێر 5 هەزار و لە سلێمانى 6 هەزار و 574 و لە
گەرمیان 2 هەزار و 474 و لە زاخۆ 1142ـە.
وتیشى: لە ئێستادا لە سلێمانى تا
ئێستا 2 هەزار زەوى دابەش کراوە و لە هەولێر 3 هەزار و لە گەرمیانیش هیچ زەوییەک
دابەش نەکراوە، بەڵام ناوەکانیان ئاڕاستەى شارەوانییەکان کراوە و لە زاخۆش تیروپشک
بۆ ناوەکان کراوە، بەڵام ژمارەکانیان دیارنییە و ئەوەى ماوە دەتوانن لەڕێی تیروپشک
ناوەکان دیاریبکەن.
لەبارەى قۆناغەکانى دیکەى
دابەشکردنى زەوى فەرمانبەرانەوە سەربەست مەولود وتى: نزیکەى 200 هەزار فەرمانبەر سودمەند دەبن
لەم پرۆسەیە، بۆیە دەبێت بەشێوەى قۆناغ بە
قۆناغ ناوەکان بنێردرێت و لەو قۆناغانەشداش هەمان رێنمایی کاریان پێدەکرێت.
وتیشى: هەرکەس سودمەندبوبێت، پێش زەواج بێت یان دواى
زەواج ناتوانێت جارێکى دیکە زەوى وەربگرێت، هەر فەرمانبەرێکیش باسى جیابونەوە لە
هاوسەرەکەى بکات دەبێت بەڵگەنامەى فەرمیی پێبێت ئەگەر نا مافى وەرگرتنى نابێت.
ئەوەشى ئاشکرا کرد کە رێنماییەکانى
پێشتر یەکێک لە مەرجەکانى هاوسەرگیری بوە بۆ فەرمانبەران، بەڵام لە وەجبەى نوێ فرسەت دراوەتە سەڵتەکانیش و
ئەوانیش دەتوانن فۆڕم پڕ بکەنەوە بەو مەرجەى هەشت ساڵ کاریان کردبێت و پێشتر
سودمەند نەبوبن.
376 جار خوێندراوەتەوە