دلێر عەبدولخالق رایدەگەیەنێت: بزوتنەوەی گۆڕان
دەبێتەوە بە ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی و هەوڵی باشکردنی ژیانی خەڵک دەدەن هەروەها
پێویستە سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پێکەوە کاربکەن تا بتوانن بەرجەستەی دەنگی
ئەو کەسانە بکەن کە ناڕازین لە دەسەڵات.
هەواڵ: (KNNC)
گفتوگۆی لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و
یەکەم کۆبونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن و لەو
چوارچێوەیەشدا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی
بزوتنەوەی گۆڕانی کرد، لەدوای کۆبونەوەکەیش لە کۆنگرەیەکی
ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان
دەبێتەوە بە ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی و هەوڵی باشکردنی ژیانی خەڵک دەدەن.
وتیشی: بزوتنەوەی گۆڕان وەكو هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی
سیاسی كە پێشتر ئەزمونی لە كاری ئۆپۆزسیۆنی هەیە و پاكێجی چاكسازی بۆ باشكردنی
دۆخی سیاسی، كارگێری، یاسایی و دۆخی خزمەتگوزاری هەبوە، هەروەها بۆ چارەسەركردن و باشتر
گەیاندنی داواكارییەكانی خەڵك و ئەو كێشە و گرفتانەی كە بارگرانی بۆ ژیانی خەڵك
دروستكردوە، دەبێت بەئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە بەرپرسیارێتی ئەوەیان لەسەر شان بێت كە
ژیانی خەڵك باشتر بكەن.
لەسەر پێكهێنانی حكومەتی
هەرێم وتیشی: بزوتنەوەی گۆڕان داوای لە لایەنە سیاسییە باڵا دەستەكان كردوە كە
هەوڵ بدەن لەسەر بنەما و ستراتیژی نیشتیمانیی كوردستانی، دانوستان بۆ پێكهێنانی
كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكەن و دەبێت سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش پێکەوە و
بە یەکگرتویی کاربکەن تا بتوانن بەرجەستەی دەنگی ئەو کەسانە بکەن کە ناڕازین
لە دەسەڵات.
دوێنێی شاندێکی پارتی سەردانی بزوتنەوەی
گۆڕانی کردو لە دوای کۆبونەوەیان وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند بە شاندەکەی پارتییان
ڕاگەیاندوە بەشداری کابینەی دەیەم ناکەن و هیواداریشن ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن
پەلە بکەن لە پێکهێنانیدا.
203 جار خوێندراوەتەوە