بەپێی خەمڵاندنە
سەرەتاییەكان، بەهۆی جەنگی نێوان حزبوڵا و سوپای ئیسرائیل، لوبنان نزیكەی (20)
ملیار دۆلار زیانی بەركەوتوە.
هەواڵ: (KNNC)
ئەمین سەلام،
وەزیری بازرگانی و ئابوری حكومەتی لوبنان رایگەیاندوە: لەئەنجامی جەنگی نێوان
حزبوڵای لوبنانی و هێرش و پەلامارەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە، لوبنان زیانێكی
گەورەی بەركەوتوە كە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەكان لەنێوان (15 بۆ 20) ملیار
دۆلاردایە.
وتیشی: پێش
فراوانبونی هێرشەكانی ئیسرائیل، خەمڵاندنی زیانەكان نزیك دەبونەوە لە (10) ملیار
دۆلار، كە زۆربەی زیانەكانیش بەر کەرتە بنەڕەتییەکان بەتایبەتی گەشتیاری و کشتوکاڵ
كەوتبون، بەڵام لەدوای چڕكردنەوەی هێرشەكە و پەككەوتنی چالاكی ئابوری، دوای ئاگر
بەست و روپێوی كردنی مەیدانی گوند و شارە و ناوچەكانی دیكە دەكرێت و بەدڵنیایییەوە
ئەو ژمارانە دەگۆڕێن.
وەزیری بازرگانی
و ئابوری حكومەتی لوبنان ئاشکرایکرد، لە ئەنجامی ئاوارەبونی نزیکەی ملیۆنێک و (500)
هەزار هاوڵاتی، زیاتر لە (500) هەزار كەس كارەكانیان لەدەستدا ئەوەش زیانی گەورەی لە
ژێرخانی و دامەزراوە بازرگانییەکان تارادەی لەناوچون و ئیفلیجی تەواوەتی لە کەرتی گەشتیاری
داوە.
لە (8ـی
تشرینی یەكەمی 2023)ـوە جەنگی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل دەستی پێكرد،
بەهۆیەوە سێ هەزار و (961) گیان لەدەستدان و برینداربونی (16) هەزار و (520) كەسی
لێكەوتەوە كە ژمارەیەكی زۆری قوربانیان ژن و منداڵن، هەروەها زیاتر لە یەك ملیۆن (400)
هەزار كەس ئاوارەبون.
لە رۆژی
سێشەممە (2024/11/26) ئاگر بەستی لەنێوان حزبوڵا و سوپای ئیسرائیل راگەیەندرا و لە
بەرەبەیانی رۆی چوارشەممە چوە بواری جێبەجێ كردنەوە.
160 جار خوێندراوەتەوە