سوپای سوریا: ئامادەكاری بۆ هێرشكردنە سەر تیرۆرستان دەكەین

KNN : Kurdish News Network
03:14 - 30/11/2024
جیهان
+
-

سوپای سوریا لەسەر دۆخی حەلەب هاتە دەنگ و  لەوبارەیەوە فەرماندەیی گشتیی سوپای سوریا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند:  سوپا خۆی بۆ هێرشێکی گەورەی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی دژ بەڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەكات.

 

هەواڵ: (KNNC)


لە بڵاوكراوەیەكدا فەرماندەیی سوپای سوریا رایگەیاند: لەچەند رۆژی رابردودا رێکخراوە تیرۆریستییە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی نوسرە، بەپاڵپشتی هەزاران تیرۆریستی بیانی و چەکی قورس فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشێکی بەرفراوانیان كردە سەر حەلەب و ئیدلب، هێزە چەکدارەکانیان بەتوندی روبەڕویان بونەوە، بۆیە ژمارەیەك لە ئەندامانی سوپای وڵات كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربون.


رونیكردوەتەوە، لە ماوەی کاتژمێرەکانی رابردودا، رێکخراوە تیرۆریستییەکان توانیویان بچنە ناو بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی شاری حەلەبەوە، بۆیە بەئامانجی بەهێزکردنی هێڵەکانی بەرگری و بەمەبەستی پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، سوپا ئامادەکاری بۆ هێرشی پێچەوانە دەكات.

 

راشیگەیاندوە: گەیشتنی هێزی سەربازی و دابەشكردنی بەسەرە میحوەرەکانی شەڕدا، ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هێرشكردنە سەر رێكخراوە تیرۆریستییەكان و پاككردنەوەی وڵاتە لێیان.   


فەرماندەیی سوپای سوریا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێکارەی گرتویەتییەبەر کاتییە، هەروەها کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی گەلەکەمان لە شاری حەلەب و گەڕاندنەوەی دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵكردنەوەی دامەزراوەکان و تەواوی شار و لادێکاندا.

373 جار خوێندراوەتەوە