وتەبێژی کۆمەڵەی
پیشەسازی نەوتی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەن هەناردەی
نەوتی هەرێم دەستپێبکەنەوە، بەڵام پێوسیتان بە گرەنتی پارەدان هەیە و دەبێت هەمو
بەڵێنەکان بچنە سەر کاغەز.
هەواڵ:KNNC
مایڵز کاگینز، وتەبێژی
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان لە میانی بەشداری لە بەرنامەی (رۆژەڤ)ـی کەناڵی KNN، رایگەیاند، بەشێوەیەکى تەکنیکى کۆمپانیاکانى نەوت ئامادەن بۆ هەناردەی نەوتی
هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستیان بە گەرەنتى پارەدانى داهاتو و رابردو هەیە و رێککەوتنى
نوێی نوسراو بکرێت تا هەمو لایەنەکان لە پرۆسەکە تێبەگەن و بەرچاویان رون بێت، هەرکاتێک
هەمو شتەکان چونەسەر کاغەز ئامادەن دەستپێبکەنەوە و نەوت هەناردە بکەن.
وتیشی: "لە ئێستادا دڵنیاییمان نییە کە چۆن
پارەمان دەدرێتێ و لە رابردودا کێشەمان هەبوە و دانى پارەى کۆمپانیاکان بەهۆى کێشەى
سیاسیی نێوان هەرێم و بەغدادەوە رادەگیران و کێشەیان هەبون، تەنها دەمانەوێت نەوتەکەمان
لەڕێی بەندەرى جەیهانەوە بفرۆشین و نامانەوێت پارەکانمان لە بازنەیەکى خراپى سیاسیدا
گیر بخوات، ئێمە تەنها دەمانەوێت بەرهەم بهێنین و بفرۆشین و پارە وەربگرین لەو پرۆسەیەدا".
راشیگەیاند، پێش
ئەوەی هەناردەی نەوت رابگیرێت، لە مانگى سێی 2023 زیاتر لە 450 هەزار
بەرمیل نەوتى رۆژانە بونى هەبو، 450 هەزار دابەش دەکرێت بەسەر 75 بۆ 80 دۆلار بۆ هەر
بەرمیلێک لەم 20 مانگەى تێپەڕیوە زیاتر لە 21 ملیار دۆلار زیان لە هەمو لایەنەکان
کەوتوە بەهۆى وەستانى ناردنى نەوت لە بۆرییەکانەوە.
سەبارەت بە
وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئایا کۆمپانیاکان تێچوەکانیان راستەوخۆ
لە بەغداد وەردەگرن یاخود هەرێمى کوردستان، کاگینز رایگەیاند، یەکێک دەبێت لەو پرسیانەى
پێویستە لەسەر مێزى کۆبونەوەکان گفتوگۆى بکرێت و بڕیارى لەسەر بدرێت، دەبێت لە کۆبونەوەکاندا
بڕیار بدەین کێ ئاڕاستەى کێ دەکات و پرۆسەکە چى دەبێت و پارەکان چۆن دەگوازرێنەوە
هەربۆیە زۆر پێویستە کۆبونەوەى نوێ ئەنجام بدرێت و هەمو لایەنەکان بگەنە ئەنجامى کۆتایی.
202 جار خوێندراوەتەوە