نرخی دەنكی قاوە بەرزترین ئاستی تۆماركرد كە لە ماوەی (50) ساڵی ڕابردو
نەگەیشتوەتە ئەو نرخە و گۆڤاری بازرگانیش دەڵێت: تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتو نرخە
نوێكەی بەجێگیری دەمێنێتەوە.
ئابوری: (KNNC)
میدیا ئابورییەكانی جیهان بڵاویانكردەوە؛ دەنکی قاوەی ئەرابیکا کە بەناوبانگترین
جۆری بەربومی قاوەیە لە جیهاندا، لەم هەفتەیەدا بەرزترین نرخی تۆماركرد كە لە ماوەی
(50) ساڵی رابردودا نەگەیشتوەتە ئەو ئاستە، بەرزبونەوەكەشی لە (18%)ـی نرخەكەی
پێشوی زیاترە.
لای خۆشییەوە رۆژنامەی تایمز، رایگەیاندوە: کەشوهەوای وڵاتانی گەورەی بەرهەمهێنەری
قاوە (ڤێتنام و بەرازیل) هۆکارن بۆ بەرزبونەوەی نرخەکەی لە جیهاندا.
رونیكردوەتەوە، وشکەساڵی و بارینی باران لە کاتی کۆکردنەوەی بەرهەمی قاوە لە
ڤێتنام، بوەتە هۆکاری زیانیکی زۆر و کەمبونەوەی
بەرهەمهێنان لەو وڵاتە.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، مانگی رابردو براندە گەورەکانی
وەک نێسکافی و نێسپرێسۆ، رایانگەیاندوە: لە
بەرزکردنەوەی نرخەکان و کەمکردنەوەی قەبارەی پاکێجەکان، بەردەوام دەبن.
بەپێی پێشبینییەكانی گۆڤاری بازرگانی زە گرۆسەر، نرخی قاوە خێراکانی نیسکافی
لە مارکێتەکانی بەریتانیا بەراورد بە ساڵی رابردو، بەڕێژەی (15%) بەرزبوەتەوە و تا
ناوەڕاستی ساڵی (2025) نرخەكان بەبەرزی دەمێننەوە.
376 جار خوێندراوەتەوە