پێشمەرگە دێرینەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
لەگەڵ راگەیاندنی پشتیوانی خۆیان بۆ رۆژئاوای كوردستان، داوای یەكڕیزی و یەكهەلوێستی
لایەنە سیاسیەكانی رۆژئاوا دەكات و داواش دەكات پەرلەمانی كوردستان حكومەت و
لایەنە سیاسیەكانیش پشتیوانی ئەزمونی رۆژئاوای كوردستان بكەن.
هەواڵ: (KNNC)
پێشمەرگە دێرینەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ دوشەممە، بڵاویان كردوەتەوە رایدەگەنن: پێشهات و گۆڕانکارییەکان
هەلومەرج و دۆخێکى نوێی لە سوریا و ناوچەکە هێناوەتە ئاراوە کە لێکەوتە و کاریگەرى
لەسەر گەلەکەمان لە رۆژئاوا و هەرێمى کوردستانیش دەبێت "لەم قۆناغە نوێیە و
بۆ پاراستنى ماف و دەستکەوتەکانى میللەتەکەمان لە رۆژئاواى کوردستان، لە سۆنگەى
بەرپرسیارێتیەوە وەک پێشمەرگە دێرینەکانى بزوتنەوەى گۆڕان داوا دەکەین
لەلایەنەکانى رۆژئاواى کوردستان یەکڕیز و یەک هەڵوێست بن بەرامبەر هەمو
ئاڵنگارییەکان لە رۆژئاواى کوردستان".
ئاماژەشیان بۆ ئەوەكردوە، پەرلەمانى هەڵبژێردراوى هەرێمى
کوردستان کۆببێتەوە و بە دنیابیینى و هەڵویستى نیشتمانیانەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە
بکات و پشتیوانى ئەزمونى رۆژئاواى کوردستان بێت، بە زوترین کات کابینەى نوێ
پێکبهێنرێت و پابەند بکرێت بە جێبەجێکردنى بڕیار و راسپاردەى پەرلەمان بۆ
پشتیوانیکردن لە رۆژئاواى کوردستان.
دەقی بەیاننامەكە:
بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
بەیاننامەی پێشمەرگە دێرینەکانی
بزوتنەوەی گۆڕان
پێشهات و گۆڕانکارییەکان هەلومەرج و
دۆخێکى نوێی لە سوریا و ناوچەکە هێناوەتە ئاراوە کە لێکەوتە و کاریگەرى لەسەر
گەلەکەمان لە رۆژئاوا و هەرێمى کوردستانیش دەبێت.
ئەم دۆخە نوێیە لەکاتێکدایە کە گەلى
کورد لە رۆژئاواى کوردستان بە درێژایی حوکمڕانى رابردوى ئەو وڵاتە روبەڕوى ستەم و
نادادى بوەتەوە و لە شۆڕشى گەلانى سوریاشدا گەلى کورد بە ئامانجى بەدیهێنانى مافە
رەواکانى بەشدارى شۆڕش بوە و ئەزمونێکى سەرکەوتوشى پێشکەش کردوە.
لەم قۆناغە نوێیە و بۆ پاراستنى ماف و
دەستکەوتەکانى میللەتەکەمان لە رۆژئاواى کوردستان، لە سۆنگەى بەرپرسیارێتیەوە وەک
پێشمەرگە دێرینەکانى بزوتنەوەى گۆڕان داوا دەکەین لەلایەنەکانى رۆژئاواى کوردستان
یەکڕیز و یەک هەڵوێست بن بەرامبەر هەمو ئاڵنگارییەکان لە رۆژئاواى کوردستان.
هاوکات داواکارین لە پەرلەمانى هەڵبژێردراوى
هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە و بە دنیابیینى و هەڵویستى نیشتمانیانەوە مامەڵە لەگەڵ
دۆخەکە بکات و پشتیوانى ئەزمونى رۆژئاواى کوردستان بێت، بە زوترین کات کابینەى نوێ
پێکبهێنرێت و پابەند بکرێت بە جێبەجێکردنى بڕیار و راسپاردەى پەرلەمان بۆ
پشتیوانیکردن لە رۆژئاواى کوردستان.
بەهەمان شێوە داوا لە کۆمەڵەى پێشمەرگە
دێرینەکانى کوردستان و هەمو ئەندامانى دەکەین کە پێکەوە هەمو پێشمەرگە و دڵسۆزانى
کورد یەک دەنگ و یەکڕیز و یەک هەڵوێست بین بۆ پشتیوانى رۆژئاواى کوردستان.
هیواى سەرکەوتن بۆ خەباتى رەواى گەلى
کورد لە رۆژئاواى کوردستان دەخوازین..
پێشمەرگە دێرینەکانى بزوتنەوەى گۆڕان
٢٣ى١٢ى٢٠٢٤
140 جار خوێندراوەتەوە