ئێران: ساڵی 2035 مرۆڤ دەنێرینە بۆشایی ئاسمان

KNN : Kurdish News Network
06:32 - 08/01/2025
جیهان
+
-

سەرۆکی رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران، نیازى وڵاتەکەى بۆ ناردنى مرۆڤ بۆ بۆشایی ئاسمان لە ساڵى 2035 راگەیاند کە خۆى دەبو ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

 

هەواڵ: KNNC

 

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی تەسنیم، د. حەسەن سالارییە، سەرۆکی رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران راگەیاندوە؛ راستە بڕیاربو ساڵی 2025 مرۆڤ بنێرنە بۆشایی ئاسمان، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، ئەم پڕۆژەیە راگیرا و لە بەرنامەیاندایە تا ساڵی 2035 ئەو ئامانجەیان بەدیبهێنن.

 

ئەو بەرپرسەی ئێران جەختی کردوەتەوە کە ئەوان ئاگاداری پێشکەوتنە جیهانییەکانن لە بواری بۆشایی ئاسماندا، هەربۆیە بەهەندیان وەرگرتوە و دەیانەوێت پێشبکەون و دەڵێت: "ئەگەر لەم بوارەدا شکست بهێنین یان کەمتەرخەمی بکەین، وەک ئێران پێگەمان لە سەرچاوە بەنرخەکانی بۆشایی ئاسمان لەدەست دەچێت".

 

وتوشیەتی: ئەم پرۆژەیە لە کارە لەپێشینەکانمانە و بە وردی کاری تێدادەکەین، رەنگە دواکەوتن لەم بوارەدا بگاتە ئاستێک کە قەرەبوکردنەوەی زۆر قورس و مەحاڵ بێت.

 

لە بارەی ئەوەی  بۆئەمساڵ نەیان توانیوە ئەو کارە بکەن؟ وتویەتی؛ کێشەکە بایۆ کەپسولەکانن (ئەو تەنەی دەنێردرێتە بۆشایی ئاسمان و لەوێ دەمێنێتەوە)، دەبێت ئەم کەپسولانە توانا و تایبەتمەندیی ئەوەیان هەبێت بگەنە ئەو ئاستی بەرزاییەی کە پێویستە لە بۆشای ئاسماندا و دواتر بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ئەم پرۆسەیە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای جۆراوجۆر و ورد لەخۆدەگرێت ئەوەش پێویستی بە سەرمایی گەورە هەیە.

 

ئەم قسانەی بەرپرسەکەی ئێران لە کاتێكدایە دوای چەندین جار شکستهێنان لە ناردی مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان، لە مانگی 11ی ساڵی 2024 دا سوپای ئێران رایگەیاند، مانگی دەستکردی "فەخر1 " بە سەرکەوتوتی ناردوەتە ئاسمان.

159 جار خوێندراوەتەوە