مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، هێزەکانیان بەشێک دەبن
لە سوپای نوێی سوریا، جەختیشیکردەوە رێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە دەکەن
سەبارە بە بەڕێوەبردنی سوریا لە داهاتو.
هەواڵ:KNNC
مەزڵوم عەبدی،
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ
(سکای نیوز عەرەبی) رایگەیاند، "کاتێک
هێزەکانی سوریای دیموکرات-ـمان لە ساڵی 2015 راگەیاند، ئەو کات وتمان ئەو هێزانە
بەشێک دەبن لە سیستمی بەرگری داهاتوی سوریا، ئێستاش بەمەرجی بنیادنانی سوریایەکی نوێ،
ئێمە بەشێک دەبین لە سوپای نوێ، بۆئەو مەبەستەش لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا هاوڕاین".
سەبارەت بە
بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی لە سوریا عەبدی دەڵێت: " تا ئێستا ئێمە بانگهێشت
نەکراوین، بەڵام پێمان وایە دەبێت نوێنەری هەمو پێکهاتە و ناوچەکان و هێزەکانی
سوریا بەشداربن تێیدا، بەپێچەوانەوە سەرکەوتو نابێت".
لەبارەی شەڕو پێکدادانەکانی
دەوروبەری کۆبانێ و مەنبج و بەنداوی تشرین کە زیاتر لە مانگێکە بەردەوامە، عەبدی
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستوەردان بکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا،
جەختیشیکردەوە، هەسەدە هێشتا پابەندە بە ئاگربەستی راگەیەنراو، بەڵام ناچارن
بەرگری لە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانی بکەن، لەسەر بەنداوی
تشرین و بەئامانگرتنی ناوچەکانیان لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە.
راشیگەیاند،
لەدوای روخانی رژێمی ئەسەد، پەیوەندی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ واشنتۆن
بەهێزتر بوە، چونکە روخانی رژێمی ئەسەد بۆشایی ئەمنی گەورەی دروستکرد، جموجۆڵەکانی
داعش زیادیان کرد و مەترسییەکان زیاتربن، ئەوەش پێویستی بە هەماهەنگی زیاتر بو
لەگەڵ ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان.
مەزڵوم عەبدی
وتیشی: داوامان لە هێزە چەکدارە کوردەکان کردوە، هاوکاری هێز و گەلەکەمان بکەن، بۆ
بەرگریکردن لە ناوچەکانمان بەرامبەر داعش، ئەوەشمان گرێداوە بە وەستاندنی
ئۆپەراسیۆنەکان و گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتییەکی هەمەلایەنە لە سوریا، بەڵام تا ئێستا
ئەوە روینەداوە.
428 جار خوێندراوەتەوە