ئاگرێكەی شاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریكا لە كۆنترۆڵ دەچوە و بەهۆیەوە كارەساتێكی
گەورەی مرۆیی دروستبوە هەروەها زیانێكی گەورەی بە ئەو وڵاتەش گەیاندوە.
هەواڵ: (KNNC)
میدیاكانی ئەمەریكا بڵاویانكردوەتەوە، بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە شاری لۆس
ئەنجلۆسی ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە ئەو وڵاتە زیانێكی گەورەی گیانی و مادیی
بەركەوتوە، تا ئێستا (10) كەس گیانیان لەدەستداوە و تیمەكانی فریاگوزاری بەردەوام
لەهەوڵی رزگاركردنی لێقەوماواندان و چاوەڕوانیش دەكرێت زیانە گیانییەكان بۆ
ژمارەیەكی زۆرتر بەرزبێتەوە.
بەرگری شارستانی لۆس ئەنجلۆس ئاشكرایكردوە، بێجگە لە سوتانی زیاتر لە (10) هەزار خانو زیانی بە (130)
هەزار خانوی دیكە گەیاندوە، هەروەها نزیكەی دو هەزار باڵەخانەی گەورەش سوتاون، ئەوەشیخستوەتەڕ، بەهۆی هەبونی "با"ـیەكی
بەهێز كە خێراییەكەی (80 میل)ـە و لە (129) كیلۆمەتر / كاتژمێر زیاترە، نەتوانراوە ئاگرەكە
كۆنترۆڵ بكرێت و بەرپرسانی بەرگری شارستانی "مەترسییان هەیە كە ئاگرەكە لە كۆنترۆڵ
دەربچێت".
میدیاكانی ئەمەریكا رونیانكردوەتەوە، بۆ رزگاركردنی ژیانی هاوڵاتیان، بەرپرسانی
ئەو وڵاتە دانیشتوانی ناوچە كارەساتبارەكانیان كە ژمارەیان زیاتر لە (180) هەزار
كەسە بۆ ناوچەیەكی دیكە ناچار بەجێهێشتن كردوە.
سەبارەت بە زیانە ئابورییەكان، میدیا ئەمەریكییەكان ئەوەیان خستوەتەڕو، بەپێی
خەمڵاندنەكان زیانە ئابورییەکانی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلوس لەنێوان (135 بۆ 150) ملیار
دۆلار مەزەندە دەکرێت.
لە رۆژی سێشەممەی رابردوەوە، ئاگر لە چیاكانی شاری لوس ئەنجلۆسی کالیفۆرنیا
كەوتوە و بڵێسەی ئاگرەكە گەیشتوەتە ناو شارەكە و خانوە گرانبەهاکانی ئەستێرەكانی هۆلیودی
سوتاندوە، ماڵی ئەو ئەستێرانەی لە شاری لۆس ئەنجلۆس سوتاوە:
مێل گیبسۆن: ئەستێرەی بەناوبانگی ئوسترالی ماڵەکەی بەتەواوی سوتاوە.
بیلی کریستاڵ: ئەکتەری کۆمیدی ئەمەریکی دێرین، ئەو خانوەی كەلە ساڵی (1979)ـوە
خاوەەندارێتی دەكات سوتاوە.
پاریس هیڵتۆن: میراتگری ئیمپراتۆریەتی هۆتێلەکانی هیڵتۆن کۆشکەکەی کەناری
مالیبوی سوتاوە لە تویتێکدا نوسیویەتی: "ناتوانێت هەستی دلشكاندنەكەی
دەربڕێت".
جێف بریگز: ڕۆژنامەی هۆلیود لە زاری بەرێوەبەری كارەكانی ئەو ئەستێرەوە
بڵاویكردوە؛ ماڵەکەی لە شاری مالیبو سوتاوە.
ماندی مۆر: ئینستاگرام راگەیاندوە: پێش روداوی سوتانی خانوەكەیان لە ئەلتادینا
خۆی و خێزانەکەی ماڵەکەیان بەجێهێشتوە.
ئەنتۆنی هۆپکینز: باس لە سوتانی ماڵەكەی ئەستێرەی بەریتانی دەكرێت، بەڵام
تا ئێستا هەواڵەكە پشتڕاست نەكراوەتەوە.
مایڵز تێلەر: لە ساڵی (2023)ـوە خانوەکەی لە ناوچەی پاسیفیک پالیسادز كڕیوە،
بەڵام بەتەواوی سوتاوە.
385 جار خوێندراوەتەوە