سەرچاوەیەک بۆ KNN: بەغداد بۆ خەرجکردنی موچەی ساڵی 2025 مەرجی نوێی هەیە

KNN : Kurdish News Network
02:00 - 13/01/2025
کوردستان
+
-

هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی نەوت نەگەیشتنە رێککەوتن، سەرچاوەیەکیش بە KNNـی راگەیاند، جارێکی دیکە بەغداد رێگە نادات هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئابوری پێش راگرتنی هەناردەی نەوت، بۆ دابینکردنی موچەی ساڵی 2025ـیش مەرجی نوێی هەیە.

 

هەواڵ:KNN

 

کاتژمێر (9:00)ـی بەیانی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەشاری بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبونەوەکە بە پەیامنێری کەی ئێن ئێنی راگەیاند، بۆ خەرجکردنی موچەکانی ساڵی 2025 بەغداد مەرجی نوێی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە.

 

ئەو سەرچاوەیە کە نەیوست وردەکاری مەرجەکان ئاشکرابکات رایگەیاند ئەوەی تێگەیشتین لەم کۆبونەوانە ئەوەبو، جارێکی دیکە حکومەتی عێراق رێگە نادات هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە دۆخی ئابوری پێش راگرتنی هەناردەی نەوت و ئەمجارە دەیەوێت راستەوخۆ خۆی نەوتی هەرێم هەناردە بکات.

 

راشیگەیاند، خاڵی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغداد زۆرن، بەغداد بە هەرێمی راگەیاندوە کەوا ئێوە پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و سەرجەم رێککەوتنەکان نەبون.

 

سەبارەت بە موچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردو، ئەو سەرچاوەیە وتی: هەرێمی کوردستان هیچ پشکی لە بودجەی ساڵی 2024 نەماوە، بۆ چارەسەری ئەو موچەیەش دوو رێگەی لەبەردەمدایە، یان دەبێت خۆی پارەکەی دابین بکات، یاخود دەبێت ئەو موچەیەش پاشەکەوت بکات.

 

باسی لەوەشکرد، سودانی ئەمڕۆ دەچێتە بەریتانیا و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکەی لەو وڵاتە، واژۆکردنی گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی کەرکوک، هەربۆیە درەنگانی شەوی رابردو بەیاننامەیەکی دەرکرد و رایگەیاند، "ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات، بەبێ ئەوەی مادەکانی دەسوور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت".

 

لەبارەی کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی، نێردراوی کەی ئێن ئێن لە بەغداد رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە داوای کردوە، هانی بەغداد بدات بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی کە دوای بڕیارەکانی ئەو دادگایەش نەتوانرا لەنێوان هەولێر و بەغداد چارەسەر کرێن، بەتایبەت گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

بەغداد- بڕیار نامیق

202 جار خوێندراوەتەوە