میدیاكانی جیهان بەشێك لە رێككەوتنەكەی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل
ئاشكرا دەكەن كە بڕیا وایە لە چەند کاتژمێری داهاتودا ڕابگەیەندرێت، بەمەش کۆتایی
بە شەڕی (467) رۆژەی نێوانیان دەهێنرێت كەلە كەرتی غەززە بەردەوامە.
هەواڵ: (KNNC)
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بەمیدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندوە: قەیرانەکە چارەسەر بوە
و ڕێککەوتنێک كراوە و بڕیار وایە لەچەند سەعاتی داهاتودا رابگەیەندرێت و پاشان
بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.
وتوشیەتی: لە قۆناغی یەکەمدا، رێککەوتنەکە گەرەنتی گەڕانەوەی دانیشتوانی
باکوری غەززە دەکات هەروەها رێگە دەدرێت كە هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنرێتە غەززە،
هەروەك جەختیشی كردوەتەوە كە بەپێی رێککەوتنەکە ئیسرائیل لە غەززە پاشەكشە دەكات.
بەوتەی بەرپرسە ئیسرائیلییەكە ناوەرۆكی رێككەوتنەكەی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەم جۆرەدەبێت:
1-ئاگر بەستی جەنگ بۆماوەی شەش هەفتەیە، لەگەڵ كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە سەنتەری غەززە.
2-گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەكان بۆ باكوری كەرتی غەززە.
3-رۆژانە رێگە بە (600) بارهەڵگر دەدرێت كە هاوكاری بگەیەنن بە غەززە، كە (50) بارهەڵگریان سوتەمەنین لەگەڵ تەرخانكردنی (300) بارهەڵگر بۆ باكوری كەرتی غەززە.
4-بزوتنەوەی حەماس (33) بارمتەی ژن (سەرباز و مەدەنی) ئازاد دەكات لەگەڵ منداڵ و پیاوانی سەرو (50) ساڵ.
5-بزوتنەوەی حەماس سەرەتا ژنە بارمتەكان و گەنجانی خوار (19) ساڵ و پیاوانی سەرو (50)ساڵ ئازاد دەكات.
6-بزوتنەوەی حەماس لە ماوەی شەش هەفتەدا سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکات، بەجۆرێك هەفتانە سێ بارمتە.
7-بزوتنەوەی حەماس سەرەتا سەرجەم بارمتە زیندوەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکات، دواتر تەرمی سەرجەم مردوە ئیسرائیلییەكان رادەست دەكاتەوە.
8-ئیسرائیل بۆ هەر بارمتەیەکی مەدەنی فەلەستینی (30) زیندانی و بۆ هەر ژنە سەربازێکی ئیسرائیلی (50) زیندانی ئازاد دەکات.
9-ئیسرائیل تا کۆتایی قۆناغی یەکەمی رێككەوتنەكە سەرجەم ئەو ژن و منداڵە فەلەستینییانەی کە لە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023)ـوە دەستبەسەری كردون كە تەمەنیان لەخوار (19) ساڵەوەیە ئازاد دەكات، کۆی ژمارەی ئازادکراوەکانی فەلەستینیەکان بەندە بە ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکانەوە، كە ژمارەیان لە نێوان (990 بۆ 1650) زیندانییدایە.
بڕیارە قۆناغی دوەمیش ئازادکردنی سەرجەم ئەو بارمتە ماوانەی لە نێویاندا سەربازە
پیاوە ئیسرائیلییەکان و ئاگربەستی هەمیشەیی لەگەڵ کشانەوەی تەواوی سەربازانی ئیسرائیل
لە کەرتی غەززە لەخۆ بگرێت.
بۆ قۆناغی سێیەم رێككەوتنەكەی
نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، گەڕانەوەی تەواوی تەرمی ئەو بارمتە کوژراوانەی
ئیسرائیل و دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی غەززە لەژێر چاودێری میسر و قەتەر و نەتەوە
یەکگرتوەکاندا لەخۆ بگرێت و هەریەك لە قەتەر و میسر و ئەمەریکا گەرەنتی جێبەجێکردنی
رێککەوتنەکە دەکەن.
1475 جار خوێندراوەتەوە