دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل حەماس دەڵێت؛ ئەمە خاڵێکی گرنگ و وەرچەرخانە لە ململانێکان و لەبەر خاتری گەلەکەمان ڕێککەوتوین
هەواڵ: KNNC
ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، حەماس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتوە: ڕێککەوتنی ڕاگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە بەرخۆدانە و دەستکەوتێکە بۆ گەلەکەمان و تەواوی هاوڵاتییانی جیهان کە مەیلی ئازادی دەکەن و لە ململانێدان
لەگەڵ دوژمن.
جەختیشیانکردوەتەوە، کە بەردەوام دەبن لەسەر ڕێگای گەیشتنن بە ئامانجەکانیان بۆ ڕزگاری و گەڕانەوەی شکۆ بۆ میلەتەکەیان .
لە بەیاننامەکەدا هاتوە؛ ئەم ڕێککەوتنە لە بەرپرسیارێتی ئێمەوە دێت بەرامبەر بە گەلە خۆڕاگر و ئارامەکەمان لە کەرتی غەززەی سەربەرز، بۆ ئەوەی ئیدی زایۆنیستەکان دەستدرێژی نەکەنە سەریان و کۆتایی بە ڕشتنی خوێن و کۆمەڵکوژی بێت لەلایەن ئیسرائیلەوە.
حەماس دەڵێت: ئێمە پێزانین و سوپاسی خۆمان بۆ هەمو ئەو هەڵوێستە فەرمی و جەماوەرییانە دەردەبڕین کە هاودەنگییان لەگەڵ غەززە نیشان دا و لەگەڵ گەلەکەمان وەستان و بەشدارییان کرد لە ئاشکراکردنی داگیرکاری و وەستاندنی دەستدرێژییەکان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا حەماس سوپاسی ئەو لایەنانە دەکات کە نێوەندگیریان کردوە و هەوڵیان داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە، بەتایبەتی ناوی وڵاتانی قەتەر و میسریان هێناوە.
دوای چەندین جار کۆبونەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست، سەرۆک وەزیرانی قەتەر ئەمشەو لە دەوحەوە بە فەرمی سەرکەوتنی ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند و جەختیشیکردەوە لەگەڵ ئەمەریکا و میسر چاودێریی ئاگربەستەکە دەکەن، بڕیار وایە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەش لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
1371 جار خوێندراوەتەوە