دوای چەندین مانگ لە دانوستان و گفتوگۆی دیپلۆماسی و لاوازبونی
ئێران لە ناوچەكەدا ئیسرائیل و حەماس گەیشتن بەرێككەوتن، ئێستاش كاتی ئەوەیە كە هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و دابینكردنی ئاسایش بۆ
دانیشوانی هەردو وڵات فەراهەمبهێنرێت.
هەواڵ: (KNNC)
جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە
یەكگرتوەكانی ئەمەریكا رایگەیاند: دوای چەند مانگ لە دانوستان و گفتوگۆی دیپلۆماسی
لەلایەن ئەمەریکا، میسر و قەتەر هەروەها گۆڕانكاری هاوكێشەیی لەناوچەكە و
لاوازبونی ئێران، ئیسرائیل و حەماس گەیشتن بەڕێککەوتن ئەوەش دەرئەنجامی دیپلۆماسیەتی
وڵاتەكەیەتی.
وتیشی: ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی وەستاندنی جەنگی غەززە و گەیاندنی
یارمەتی مرۆیی پێویست بۆ خەڵکی مەدەنی
فەلەستینی، هەروەها دوای زیاتر لە (15) مانگ بارمتەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوخێزان و بنەماڵەکانیان.
سەرۆکی ئەمەریکا راشیگەیاند: دوای ئەوەی وردەكاری پلانی
ئاگربەستی داڕشت، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە پەسەندكرا و ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە جەنگ لە كەرتی غەززە کۆتایی پێبێت و
هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و دابینكردنی ئاسایش بۆ دانیشوانی هەردو وڵات
فەراهەمبهێنرێت.
سەبارەت بەبارمتە ئەمەریكییەكانیش لە غەززە، جۆ بایدن وتی: چارەنوسی
هەرچوار بارمتە ئەمەریكییەكە لە
رێككەوتنەكەی نێوان حەماس و ئیسرائیل یەكلایی كراوەتەوە و سەرجەمیان دەگەڕێنەوە بۆ
ماڵەوە و دڵخۆشە بەگەڕانەوەیان بۆناو خێزانەكانیان.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،
بەردەوامبونی ئاگربەستەکە پەیوەستە بە بەردەوامبونی دانوستانەکانە، ئیسرائیلیش لە
شەش هەفتەی داهاتودا گفتوگۆ لەسەر قۆناغی داهاتوی ئاگربەست ئەنجام دەدات، رێككەوتنەكە
لەسەردەمی ئیدارەکەیدا واژۆكراوە و لەلایەن دانۆڵد رامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی
ئەمەریکاوە جێبەجێ دەکرێت.
143 جار خوێندراوەتەوە