وەزارەتی فڕۆكەوانی ئێران ئاشكرایكرد، فەرەنسا تاك لایەنانە گەشتی ئاسمانی
نێوان وڵاتەكەی و تەواوی ئەوروپای بۆ تاران راگرتوە.
هەواڵ: (KNNC)
فەرزانە سادق، خانمە وەزیری رێگاوبان كە هاوكات وەزارەتی فڕۆكەوانی و گەشتە
ئاسمانییەكانی ئێران بەڕێوەدەبات بەئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاندوە: فەرەنسا تاك
لایەنانە گەشتی ئاسمانی نێوان وڵاتەكەی و تەواوی ئەوروپای بۆ تاران راگرتوە كە
بڕیار وابو ئەمڕۆ هەینی گەشتەكە ئەنجام بدرێت.
وتوشیەتی: تاکە گەشتی راستەوخۆی نێوان تاران و تەواوی وڵاتانی كیشوەری
ئەوروپا بوە، بەڵام بەبێ هیچ رونكردنەوەیەك فەرەنسا گەشتەكەی راگرتوە.
وەزیرەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران رونیكردوەتەوە، راگرتنی گەشتەكە لەلایەن
فەڕەنساوە پەیوەندی بەپرسی سزاکانی سەر هێڵە ئاسمانییەکانەوە نییە،
بۆیە هەوڵدەدەن لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە گەشتی نێوانیان لەگەڵ پاریس بگەڕێننەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بۆ پێدانی رونكردنەوە لەسەر
راگرتنی گەشتەكەی نێوان تاران و پاریس، پەیوەندییان بە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا
كردوە بەڵام رەتی كردوەتەوە لەسەر ئەو بابەتە هیچ لێدوانێك بۆ راگەیاندنەكان بدات.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردودا و بەهۆی دابینكردنی موشەك بۆ روسیا
دژی ئۆكرانیا، یەکێتی ئەوروپا سزای نوێی بەسەر تاراندا سەپاند، یەكێكیش لە سزاكان کۆمپانیای
فڕۆکەوانیی دەوڵەتی ئێران ئایر خرایە ناو لیستی رەشەوە و كە تاکە کۆمپانیا بو گەشتەکانی
بۆ ئەوروپا ئەنجام دەدا.
281 جار خوێندراوەتەوە