کەنەدا و مەکسیک باجی
گومگری بەسەر ئەمەریکا دەسەپێنن، چینیش هەڕەشە دەکات.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ یەکشەممە،
هەریەک لە کەنەدا و مەکسیک رایانگەیاند، باجی
گومرگی بەسەر ئەمەریکا دەسەپێنن، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک دژی هەنگاوەکانی ترەمپ بۆ
سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا.
هاوکات، چین
رایگەیاند، بە توندی دژی سەپاندنی باج دەوەستنەوە و رێوشوێنی توند دژ بە ئەمەریکا
دەگرنەبەسەر و وەڵامی بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ دەدەنەوە.
دوای ئەوەی دوێنێ کۆشکی سپی رایگەیاند، کە ترەمپ باج بەسەر هاوبەشە
بازرگانییە سەرەکییەکانی ئەمەریکا، بە تایبەت کەنەدا، مەکسیک و چین دەسەپێنێت، لە
وەڵامی بڕیارەکەی ئەمەریکا، جەستن ترۆدۆ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، 25% باج لەسەر لە بەرهەمە
ئەمریکییەکان دەسەپێنێت و لەرۆژی سێشەممەوە بڕیارەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە
کە بەهاکەی 30 ملیار دۆلارە.
هاوکات، کڵۆدیا شەینبام سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند، وەزیری ئابوری وڵاتەکەی
راسپاردوە بۆ جێبەجێکردن و سەپاندنی چەند باجێک بەسەر ئەمەریکا، بۆئەو مەبەستەش
هەمو رێوشوێنێک دەگرنەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی مەکسیک.
هەر لەکاردانەوەی
بڕیارەکەی ترەمپ بۆسەپاندنی باجی گومرگی، چین رایگەیاند، لەرێکخراوی بازرگانی
جیهانی سکاڵای یاسایی لەسەر واشنتۆن تۆماردەکات و داواش لە ئەمەریکا دەکات، لەسەر
ئەو بابەتە گفتوگۆی راشکاوانەیان لەگەڵ ئەنجام بدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی
ئەمەریکا، رۆژی یەکی شوباتی دیاریکرد بۆ ئەو سێ وڵاتە تا رێوشوێنی توند بگرنەبەر و
رێگری بکەن لە هەناردەکردنی فێنیتانێل و ماددە کیمیاییەکانی دیکە لە چینەوە بۆ
ئەمەریکا لەرێگەی کەنەدا و مەکسیک، هەروەها رێگری بکەن لە کۆچبەرانی نایاسایی لە
باشوری وڵاتەکەیی و سنورەکانی باکوری ئەمەریکا.
72 جار خوێندراوەتەوە