بۆ درێژكردنەوەی ماوەی هاوردەكردنی غاز لە ئێران... بەغداد هەوڵدەدات رەزامەندی واشنتۆن بەدەستبهێنێت

KNN : Kurdish News Network
05:02 - 08/03/2025
عێراق
+
-

ئەمڕۆ كۆتایی بە ئەو ماوە دیاریكراوە دێت كە واشنتۆن بۆ هاوردەكردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراقی دیاریكردوە و وتەبێژی وەزارەتی كارەباش ئاشكرایدەكات: بەغداد هەوڵ دەدات رەزامەندی واشنتۆن بۆ درێژكردنەوەی ماوەی هاوردەكردنی غاز بەدەستبهێنێت.

 

هەواڵ: (KNNC)


ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا عێراق رایگەیاند: بەمەبەستی دابینكردنی هاوڵاتیان لە پێدانی كارەبا، لەڕابردودا ئەمەریكا رێگەیداوە غازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە بكات، چونكە دەیزانی ئاستەنگ لەبەردەم گەشەپێدان لەبەردەم كێڵگە غازییەكانیدا هەیە، تا ئەو كاتەی توانای دەبێت بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.

 

رونیكردوەتەوە، تا ئەمڕۆ وەزارەتی كارەبا هیچ ئاگادارییەكی فەرمیی بۆ بڕین و نەگەیشتنی غازی لە ئێرانەوە پێ نەگەیشتوە، هاوكات هەوڵێك هەیە كە جارێكی دیكە رێگەپێدانی ئەمەریكا درێژ بكرێتەوە.

 

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، وەزارەتەكەی كاری لەسەر هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی غاز كردوە، بەڵام ئەگەر غازی لە ئێرانەوە هاوردە نەكرێت،  عێراق روبەڕوی گرفت دەبێتەوە بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، چونكە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی وزەی كارەبا دەبێت.

 

هاوكات، بۆ پڕكردنەوەی خواست و پێداویستییەكانی لە كارەبا، حكومەت عێراق هەوڵیداوە كە بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەنێت بە (27) هەزار مێگاوات، بەڵام لە ئێستادا كە زۆرینەی وێستگەكان بە غاز كار دەكەن لە ئێرانەوە غاز هاوردە دەكات.

137 جار خوێندراوەتەوە