دوای نۆ مانگ لە بۆشای ئاسماندا بڕیارە سبەینی بگەڕێنەوە سەر زەوی

KNN : Kurdish News Network
10:16 - 17/03/2025
هەمەڕەنگ
+
-


ئاژنسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە؛ دوو کەشتیوانەکەی ئاژانسی ناسا کە ماوەی نۆ مانگە لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی گیریان خواردوە، بڕیارە سبەینێ ئەرکە نائاساییەکەیان  کۆتایی پێبهێنن و لە ڕێگەی کەشتیی سپەیس ئێکس کە ئیلۆن ماسک خاوەندارێتی دەکات بگەڕێنەوە سەر زەوی.

هەمەڕەنگ:KNNC

لە روداوێکی نەخوارزاو و چاوەڕوان نەکراودا، پێنجی حوزەیرانی 2024، دوو کەشتیوانی ئاسمانی لەیەکەم گەشتی ئاسمانی بۆینگدا، ڕوەو بۆشایی ئاسمان گەشتیان کرد، ئەوان  پلانیان دانابو بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە بۆشایی ئاسماندا بمێننەوە، بەڵام بێ ویستی خۆیان ئەرکەکەیان لە هەشت ڕۆژەوە بۆ نۆ مانگ درێژکرایەوە.


سونی ویلیامز و بوچ ویلمۆر ناوی ئەو دوو کەشتیوانەن، کە ماوەی نۆ مانگە لە بۆشایی ئاسماندان، بە مەبەستی هێنانەوەیان، لە مانگی ئەیلولی 2024 دا، کۆمپانیای سپەیس ئێکس کەشتییەکی ڕەوانەی بۆشای ئاسمان کرد بۆ ڕزگارکردنی ئەو دوو کەشتیوانە، بەڵام ناسا سەرکەوتو نەبو و  گەڕانەوەی کەشتیوانەکانی دواخست، بە بیانوی بونی کێشە لەو کەشتییەی نێردرابو بۆ هێنانەوەیان، لەوانەش دزەکردنی هیلیۆم و کێشەی پەستان لە کەشتییەکەدا.

دواجار بڕیارە ئەو دو کەشتیوانە دوای بەسەر بردنی نۆ مانگ لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی (ISS)دا  سبەینێ  بگەڕێنەوە  بۆ ماڵەوە،  ناسا بە هاوکاری لەگەڵ کەشتیی  (سپەیس ئێکس کریو-10)ی ئیلۆن ماسکەوە دەبێت، کە لە شەوی هەینی  لە 12ی ئازاردا تیمەکی ناردە بۆشایی ئاسمان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەشتیوانانەی کە گیریان خواردوە لە چوارچێوەی پرۆگرامی تیمی ئاژانسی ناسادا.


ئەم ڕوداوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنابو، ئەگەر چی گیانی دوو کەشتیوانەکە لە مەترسیدایە، بەتایبەت لە روی تەندروستیەوە؛ مانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە بۆشایی ئاسماندا کاریگەری لەسەر جەستە و پوکانەوەی ئێسکیان کردوە، بەڵام بابەتەکەیان بە سیاسی کراوە و بوەتە هۆی ئەوەی کابینەکەی ترەمپ و بایدن یەکتری تۆمەتبارکەن.

پێشوتر ئیلۆن مەسک و دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێكدا ڕایانگەیاندوە؛ ئەو دو کەشتیوانە بە جێهێڵدراون لە بۆشای ئاسماندا، بۆ ئەوەش ناسا و ئیدارەکەی بایدنیان تۆمەتبار کرد .

ماسک لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ فۆکس نیوز رایگەیاندبو؛ بایدن هۆکار بوە بۆ ئەوەی ئەو دو کەشتیوانە نەگەرێنەوە سەر زەوی و ئەوان بە هۆکاری سیاسی لە بۆشای ئاسماندا جێهێڵدراون، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک دروست نییە.

دوای بڕیاری گەڕاندنەوەیان و جەختکردنەوە لە نەبونی هیچ مەترسییەک لەسەریان لەلایەن تیمەکانی ناساوە، سونیتا ویلیامز و بوچ ویلمۆر خۆشحاڵی خۆیان بەو هەواڵە راگەیاند و جەختیان کردوە دوای نۆ مانگ بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی گەرانەوەن بۆ سەر زەوی.

961 جار خوێندراوەتەوە