وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەینێت: بەتوندی هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل
بۆسەر هاوڵاتیانی كەرتی غەززە ئیدانە دەكات و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات
كار بۆ كۆتایی هێنانی پێشێلكارییەكانی ئەو وڵاتە و پارێزگاری كردن لە گیانی
هاوڵاتیانی مەدەنی بكەن.
هەواڵ: (KNNC)
لەسەر دەستپێكردنەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە، وەزارەتی دەرەوەی
عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتوە؛ بەتوندترین شێوە ئیدانەی
هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و بێ دیفاعی خەڵكی غەززە دەكەن كەلە
ئەنجامی هێرشەكەی دوێنی شەودا زیاتر لە (404) گیان لەدەستدان و برینداربونی (562)
كەسی دیكەی لێكەوتوەتەوە كە ژمارەیەكی زۆری قوربانییەكان لە ژن و منداڵ پێكهاتون.
راشیگەیاندوە: ئەم هێرشە سەربازییەی ئیسرائیل بۆ سەر كەتی غەززە و
دانیشتوانەكەی پێشێلكاریەكی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەكانە، كە ئەوەش درێژكراوەی
هێرشە بەرداوامەكانی سوپای ئەو وڵاتەیە بۆسەر فەلەستینییەكان و جێبەجێ كردنی
سیاسیەتی سەركوتكردن.
وەزارەتەكە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و
یاسایی لە ئەستۆ بگرن و هەنگاوی بەپەلە بۆ
کۆتاییهێنان پێشێلکارییەكان و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی بگرنەبەر.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، کۆماری عێراقی جەخت لە پاڵپشتی
خۆی بۆ گەلی فەلەستین دەردەبڕێت بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە رەواکانیان لەوانەش
مافی چارەی خۆنوسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
154 جار خوێندراوەتەوە