ئەو 100 هەزار دینارەی لە موچەی خانەنشینان بڕابو، بۆ ئەم مانگەش بۆیان ناگەڕێتەوە،
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن، هۆکارەکەی ئەوەیە تا ئێستا سەرۆککوەزیرانی
عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە نەداوە.
هەواڵ:KNNC
پەیامنێری کەی ئێن ئێن لە سلێمانی رایگەیاند، بە بریاری محەمەد شیاع سودانی
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر مانگانە بڕە پارەیەک وەک هاوکاری بژێوی ژیان بۆ خانەنشینانی
مەدەنی خەرجدەکرا، بەڵام لە (1/1/2025)ـەوە ئەو بڕە پارەیە لە خانەنشیان بڕاوە و
تا ئێستا بڕیاری خەرجکردنی نەدراوە و چاوەڕواندەکرێت لە مانگەکانی داهاتو خەرج
بکرێت.
سەبارەت بەو خانەنشینانەی لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوەوە خانەنشین بون و تا
ئێستا موچەیان بۆ نەبەستراوە پەیامنێری کەی ئێن ئێن رایگەیاند، لە دوو مانگی
داهاتودا موچەکانیان بۆ دەبەسترێت، چونکە رێکارەکانی بەستنی موچەی خانەنشینان
تەواو نەبوە و بۆ هەر مانگێک مامەڵەی شەش بۆ حەوت هەزار خانەنشین تەواو دەکرێت.
سەبارەت بە موچەکانیشیان رایگەیاند، ئەگەر خانەنشینەکە تەمەنی لە سەرو 45
ساڵەوە بێت و زیاتر لە 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، ئەوا 18 موچە وەردەگرێت 12 موچەیان بە
تێکڕا و شەش موچەشی تەنها بنەڕەتییەکەی وەردەگرێت، هەروەها ئەو خانەنشیانەی لە 25
ساڵ کەمتر خزمەتیان هەیە و تەمەنیان کەمترە لە 45 ساڵ ئەوا شەش موچەی تێکڕا
وەدەرگرن.
راشیگەیاند، خانەنشینانی هێزەکانی 70 تا ئێستا موچەکانیان لەلایەن بەغدادوە
بۆ نەبەستراوە لە موچەی مانگی ئازاریش بڕی سێ ملیار دینار بۆ موچەی ئەو
خانەنشیاننە نەنێردراوە، بۆیە بۆ ئەم مانگەش لە داهاتی ناوخۆ پارەیان بۆ دابیندەکرێت
و دابەشکردنی موچەکانیان دەکەوێتەدوای جەژن.
سلێمانی- بڕیار نامیق
79 جار خوێندراوەتەوە