سێ کەس کوژران... ئیسرائیل هێرشیکردە سەر بەیروت

KNN : Kurdish News Network
09:10 - 01/04/2025
جیهان
+
-

لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل-ـدا بۆسەر باشوری بەیروت سێ کەس کوژران، هێرشەکانیش دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیلە.

 

هەواڵ:KNNC

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانی کردەسەر ناوچەکانی باشوری بەیروت لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران.

 

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هێرشەکە چەکدارێکی حیزوڵای لوبنانی کردوەتە ئامانج کە لەم دواییانەدا راهێنەری ئۆپەراسیۆنەکانی حەمماس بوە و یارمەتی داون بۆ دانانی پلانی هێرشی نزیک و بەرفراوان دژی هاوڵاتییانی مەددەنی ئیسرائیل.

 

ئاماژەی بەوەشکراوە، بەردەوام دەبن بۆ رێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک بۆسەر هاوڵاتییانی مەدەنی لە ئیسرائیل.

 

لە بەرامبەردا وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاندوە، ئیسرائیل هێرشیکردوەتەوە سەر گەڕەکێکی باشوری لوبنان، بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون و حەوت کەسیش برینداربون.

 

تا ئێستاش حیزبوڵای لوبنان هی لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە نەبوە.

 

ئەمەش دوای ئەوەدێت، کە هەفتەی رابردو بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریدا سوپای وڵاتەکەی لە هەمو ناوچەیەکی لوبنان هێرشدەکاتەسەر حیزبوڵا ئەگەر ببنە هەڕەشە بۆیان.

 

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردوەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەکی بەهێز لە باشوری لوبنان رویداوە و بەهۆیەوە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی وێران بوە و هاوڵاتییان ماڵەکانیان بەجێهێشتوە.

 

ئەمە دووەم هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلە کە گەڕەکەکانی باشوری بەیروت دەکاتە ئامانج، ئەوەش دوای ئاگربەستی نێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنان.

 

جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر خاکی وڵاتەکە پێشێلکارییەکی گەورەی ئاگربەستە.

149 جار خوێندراوەتەوە