ترسی دەستگیركردنی هەبوە... نەتانیاهۆ رێگایەکی دورتر بۆ واشنتۆن دەگرێتەبەر

KNN : Kurdish News Network
04:35 - 07/04/2025
جیهان
+
-

بۆ خۆبەدورگرتن لە مەترسی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكانی لاهای و دەستگیركردنی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ لە غەززە، نەتانیاهۆ رێگەیەكی دورتری بۆ گەشتە لەناكاوەكەی بەرەوە واشنتۆن بەكارهێناوە.  


هەواڵ: (KNNC)


ڕۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بۆ خۆبەدورگرتن و بەكارهێنانی ئاسمانی ئەو وڵاتانەی كە مەترسی جێبەجێكردنی فەرمانەكەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی لاهای كە بڕیاری دەستگیركردنی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ لەغەززە هەیە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناچار بو گەشتێکی درێژخایەن لە بوداپێستی هەنگاریا بۆ واشنتۆن كە نزیكەی (400) كیلۆمەتر درێژترە لە رێگەیەكی  گونجاو ئەنجام بدات.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەیەکی بەپەلە و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، نەتانیاهۆ لە بوداپێستەوە راستەوخۆ گەشتی واشنتۆنی کردوە، ئەوەش بۆ خۆبەدورگرتن لە نیشتنەوەی فریاگوزاری ناچاریدا ئەو رێگە دورەی هەڵبژاردوە.

 

رۆژنامە رونیكردوەتەوە، دوای هەڵسەنگاندن بۆ گەشتەكە كتوپڕەكەی نەتانیاهۆ، مەترسی هەبو كە هەریەك لە ئیرلەندا و ئایسلەندا و هۆڵەندا فەرمانەکەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای دژی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جێبەجێ بکەن، بۆیە بەناچاری فڕۆکەکە سەرۆك بەسەر ئاسمانی کرواتیا و ئیتاڵیا و فەرەنسادا فڕیوە.

 

رۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی رایگەیاندوە: لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە سەرجەم گەشتەکانی نەتانیاهۆ بۆ ئەمەریکا بە ئاسمانی یۆنان و ئیتاڵیا و فەرەنسادا گەشتیان کردوە و لەوێشەوە زەریای ئەتڵەسییان بەرەو ئەمەریکا بڕیوە.

1376 جار خوێندراوەتەوە