ھێشتا ئێوە گلەی دەکەن

لەکۆبوونەوەی تیمی حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێرێ بەرێوەچوو، سەرۆکی تیمی گۆڕان لە حکومەت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی خستەڕو لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە باس و خواسی نێوان ھەردوولا کراوە و تیمی گۆڕان سەرەنج و تێبینی رەخنەی ھەموومانیان گەیاندووە و تیمی پارتیش گلەییان ھەبووە لەھەندێ کاراکتەری گۆڕان تائێرە لەنێوان دوو ھێزی سیاسی ئاساییە، لەدوای چەندین ھەوراز و نشێو لە پەیوەندی نێوان ھەردوولا کە ھەندێکی ھێندە پەڵەیەکی رەشە باوەر ناکەم لە ھیچ سیستەمێکی سیاسی لە جیھان رویدابێت نمونەی داخستنی پەرلەمان و ناردنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان لە کابینەی پێشوو.

ئەگەر بێین لەدوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رێکەوتنی سیاسی گۆڕان و پارتی بۆ پێکھێنانی حکومەت کە لە١٨ ی شوباتی ٢٠١٩ ئیمزا کراوە،  لە کۆتاییەکانی مانگی شەشی ھەمان ساڵ حکومەت  پێکھێنرا و بەشێکی زۆری ئەو رێکەوتنە لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر درا و دەرنجامەکەی حکومەت پێکھات.  بەڵام کێ رێگر بوو لە جێبەجێ نەکردنی رێکەوتنەکە راستە ماوەیەکی زۆر بەھۆی کۆرۆنا و بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار و کێشەی بودجە لەگەڵ بەغدا کە دواتر تیمێکی حکومەت کە زۆر جار وەزیری دارایی سەرۆکی شاند بووە و لەگەڵ بەغدا رێکەوتن لەسەر ئەوەی مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بنێردرێ بۆ ھەرێم . بەڵام بەندە ئەساسییەکانی رێکەوتنەکە لەسەر چاکسازی و پێکھنانی سندوقی  داھاتە نەوتییەکان و یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کار و باری چاکسازی و یەکگرتنی ھێزی پێشمەرگە و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ حکومەتە خۆجێیەکان و لەھەموو ئەمانەش گرنگتر  قوت و بژێوی خەڵکی کوردستان کە مووچەیە بریار بوو مانگانە لەکاتی خۆی بدرێت، بەڵام لەبەر کێشمەکێشی یەکێتی و پارتی و ناشەفافی لە داھاتی نەوت و بوونی قاچاخچێتی و نەمانی پارە لەبانکەکان و جیاکاری لە خزمەتگوزاری لە نێوان پارێزگاکان ئەمانە ھۆکار گەلێکن کە لایەنی سەرەکی پێکھێنەری حکومەت کە پارتییە و زۆربەی جومگە ھەستییارەکانی ھەرێمی کوردستانی لەبەردەستە  دەبوو ئەوان لەھەموان بەتەنگ تر بوونایە بۆ جێبەجێ کردنی رێکەوتنەکان بەتایبەت کە رێکەوتنی گۆڕان و پارتی لە دوای سێ ساڵ تا ئێستا کەمتر لەنیوەی  جێبەجێ کراوە.

 دەیان کەیسی سزای سیاسی و بەرزکردنەوەی پلەی سەربازی تێکۆشەرە دێرینەکان کە ھەیە دوو شۆڕشی تێکەڵ کردووە و تائێستاش ھەر چاوەڕێن و بەدیار چاوەروانیەوە سەر دەنێنەوە. بزوتنەوەی گۆڕان و سروشت و پێکھاتەکەی کە ھەڵقوڵاوی خەڵکی ناڕازی و شەقامە لەو پێناوەش قوربانی بەخۆیدا لەپێناو جێبەجێ کردنی رێکەوتنەکانی بۆ ئەوەی حکومەت بەدامەزراوە بکرێت و ئارامی سیاسی و سەقامگیری بێتەدی ئەگەر ھێزێ ھەقی گلەیی کردنی ھەبێت گۆڕانە نەک پارتی کە حاکمی موتڵەقی حکومەتە .

354 جار خوێندراوەتەوە